لە رووسیا دوو پرد رووخان و 7 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی بریانسک و کورسکی رووسیا، دوو پرد رووخان و لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 
 
دوێنێ شەممە، لە هەرێمی بریانسکی رووسیا پردێک کە چەند بارهەڵگرێکی بەسەرەوە بوو، کەوتە سەر شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر و لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 66ـی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای کەوتنی پردەکەی بریانسک، رێگەی سەرەکی داخرا. وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا رایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەو رزگارکردن هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەدەن کە لەنێو شەمەندەفەرەکەدا بوون.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، پردێکی دیکە لە هەرێمی کورسک رووخا. 
 
پارێزگای بە وەکالەتی کورسک رایگەیاند، شەمەندەفەرێک بەسەر پردەکەدا رۆیشتووە و پردەکە رووخاوە. بەشێکی شەمەندەفەرەکە کەوتووەتە سەر شەقامەکە. پردەکە 62 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە. 
 
ئەلێکساندەر کینستین، پارێزگاری بەوەکالەتی کورسک رایگەیاند، شەمەندەفەرەکە دوای کەوتنەخوارەوەی ئاگری گرتووە و شۆفێرەکەیشی بریندار بووە و قاچی شکاوە. هەروەها هەموو سەرنشینەکانی گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری رووخانی پردەکان چی بووە، بەڵام هیڵی شەمەندەفەری مۆسکۆ رووخانی پردەکان بۆ "دەستوەردانی نایاسایی لە گواستنەوەکاندا" دەگەڕێنێتەوە.