کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی لە ژاپۆن: دوو ساڵە رەگەزپەرستی دژی کورد زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی لە ژاپۆن رایگەیاند، دوو ساڵە رەگەزپەرستی دژی کورد لە ژاپۆن زیادیکردووە، بەتایبەت دوای یاسای نوێی پەنابەری لەو وڵاتە، کە بە شێوەیەکی تایبەت کوردی کردووەتە ئامانج.
 
ڤاکاس چوڵاک، سکرتێری کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی لە ژاپۆن لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە دۆخی کورد لەو وڵاتە کرد، کە بەهۆی هێرشی رەگەزپەرستییەوە تووشی کێشە بووە و گوتی، "ماوەی دوو ساڵە ئەم رەگەزپەرستییە بەتایبەتی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ژاپۆن یاسایەکی نوێی بۆ پەنابەری دانا و پێشکێشکردنی داواکاریی مافی پەنابەریی بۆ تەنیا سێ جار سنووردار کرد، ئەم یاسایە بە شێوەیەکی تایبەت کوردی کردە ئامانج."
 
ئێستا هەروەکو وڵاتانی ئەمریکا و ئەورووپا، پرسی کۆچبەران بووەتە پرسێکی گەرمی کۆمەڵگەی ژاپۆنی، بەتایبەتییش ئێستا بووەتە مژارێکی سەرەکیی هەڵبژاردن. چاوەڕوان دەکرێت پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی ژاپۆن (LDP)، دەنگێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بهێنێت، سەرۆکی پارتەکەش ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵاتەکە.
 
ئەو پارتە هەڵوێستێکی تووندی لەسەر پرسی کۆچبەران هەیە، بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشیان بریتییە لە "سفرکردنەوەی کۆچبەری نایاسایی، سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران و دڵنیابوون لە تێکەڵبوونێکی کۆمەڵایەتیی باشتر."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی، کە لە تۆکیۆ قسەی بۆ رووداو دەکرد، باسی لە بەربەستەکانی بەردەم کورد لەو وڵاتە کرد، کە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا تەنیا یەک کورد مافی پەنابەری وەرگرتووەو گوتی "نزیکەی دوو هەزار کورد لە ژاپۆن هەن، کە زۆربەیان کوردی باکووری کوردستانن، بەشێکیان داوای مافی پەنابەریان کردووە، کە بەپێی ئامارەکان کورد لە رووی داواکردنی مافی پەنابەری لەو وڵاتە لە رێزبەندی شەشەمدان، هۆکارێکی سەرەکی ئەو دۆخەی کورد بێ دەوڵەتییە، یان نوێنەرایەتی فەرمی کورد نییە وەکو کونسۆلخانە و باڵیۆزخانە، ئەوەی هەیە هی تورکیایە و تورکیاش بەردەوام دژی کوردی ئێرەیە."
 
ڤاکاس چوڵاک رایگەیاند ژمارەیەک کورد دیپۆرتکراونەتەوە و دەڵێت، تا ئێستا نزیکەی دوو سەد کورد بەهۆکاری مرۆیی  مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بەڵام زۆر کەس دیپۆرتکراونەتەوە و هەندێجار تەنیا یەک کەس لە خێزانێک دیپۆرتکراوەتەوە، بۆ نموونە باوک دیپۆرتکراوەتەوە و منداڵ ماونەتەوە، هەندێجاریش منداڵیان دیپۆرتکردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر خێزانەکان دروستبکرێت تا بگەڕێنەوە، بە گشتی تا ئێستا 246 کەسی هەڵگری پاسپۆرتی تورکی دیپۆرتکراونەتەوە، کە کوردیشی تێدابووە."
 
ژمارەی پەنابەران لە ژاپۆن لە سەرەتای ساڵدا گەیشتە ریکۆردێکی نوێ، کە 3.8 ملیۆن کەسن و کەمتر لە 3%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
 
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی دانیشتوان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ژاپۆنی، پێشبینیی کردووە رەنگە تاوەکو ساڵی 2070 پەنابەران 10%ی ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن پێکبهێنن.
 
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو وڵاتە، سکرتێری کۆمەڵەی کوردی لە ژاپۆن ئاماژە بە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و دەم پارتی دەکات و گوتی، "کاتی کوونسڵخانە لە هەولێر کرایەوە هاتم بۆ هەولێر و کۆنسوولەکانی ژاپۆن دەناسم ئەو پرسەمان گفتوگۆ کردووە، بەڵام ئەو پرسە لە دەستی وەزارەتی دەرەوەدا نییە، لەدەستی وەزارەتی داد دایە، چونکە زۆربەی کوردانی لە ژاپۆنن کوردی باکووری کوردستانن، بۆیە پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ئەنقەرە کۆبوونەتەوەو سەردانی ژاپۆنیان کردووە، هەروەها پەرلەمانتارانی ژاپۆنیش سەردانی باکووری کوردستانیان کردووە و لەسەر ئەم پرسە قسەیان کردووە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەتایبەت دوای چوار مانگ کە سەرۆکوەزیرانی نوێ هەڵدەبژێردرێت، رەنگە جارێکی دیکە گفتوگۆ لەسەر پرسی بیانییەکان لەم وڵاتە بکرێت."
 
لەبارەی چالاکییە کولتوورییەکانی کورد لەو وڵاتە، ڤاکاس چوڵاک ئاماژەی بە چالاکییە کولتوورییەکان و هەوڵەکانی فێربوونی زمانی کورد لە وڵاتە کرد و گوتی، لەگەڵ هێرشە رەگەزپەرستییەکان  کارە کولتووری و ئەکادیمییەکانی ئێمەش بەردەوامن، هەفتەی رابردوو پێشانگایەکی وێنە هەبوو لەسەر ژیانی کورد لە ژاپۆن، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو، کۆنسێرت بۆ هونەرمەندی کورد رێکدەخەین، ئێستا ئێمە کتێبێک دەنووسین بۆ ئەوەی ژاپۆنییەکان زیاتر فێری کوردی ببن. هیوادارم لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو ببێت و چاپ بکرێت."
 
ڤاکاس چوڵاک کە مامۆستای زمانی کوردییە لە بەشی لێکوڵینەوە بیانییەکان لە زانکۆی تۆکیۆ گوتی، "ئەم ساڵ دوو پۆلی فێربوونی زمانی کوردیمان هەیە، یەکێک بۆ خوێندکارەکانە و ئەوی دیکە بۆ ئەوانەی خوێندکار نین و دەیانەوێ فێری کوردی ببن، ئەم ساڵ 29 کەس خۆیان تۆمارکردوو، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەوانەی فێری زمانی کوردی دەبن زیاتر دەبن و هەندێ ژاپۆنیش هەن، کە دەتوانن وانەی کوردی بڵێنەوە."