چەنگدووی چین؛ ئەو شارەی بە شەوان دەبووژێتەوە و نوستن نازانێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئاوابوونی خۆر و داگیرسانی گڵۆپەکان لە شاری چەنگدووی چین، تەنیا شەقامەکان ناگەشێنەوە، بەڵکو ئابووریی شارەکەش بە تەواوی دەبووژێتەوە.
 
ئەم شارە گەورەیە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 20 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ناسراوە بە ناوەندێکی زیندوو و پڕ لە کات بەسەربردنی گەنجان، ئێستا بووەتە پێشەنگێکی نیشتمانی بۆ چەمکی "ئابووریی شەوانە" کە بە خێرایی لە سەرانسەری چیندا پەرە دەستێنێت.
 
یەکێک لە دانیشتووانی چەنگدوو باس لەوە دەکات، "چوونەدەرەوە لە چەنگدوو لە کاژێر 10ی شەوەوە تاوەکو 8ی بەیانیی رۆژی دواتر دەخایێنێت و بۆ ئێمە وەک ئەوە وایە کارێکی دیکەت هەبێت." ئەم گوتەیە بە روونی وێنەی ژیانی شەوانە و گرنگیی ئابووریی شەوانە لە شارەکەدا نیشان دەدات.
 
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 60٪ی خەرجییەکانی شارەکانی چین لە شەواندا دەکرێن و، لە چەنگدوو دا ئەم ئابوورییە شەوانەیە تەواوی بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە؛ لە کەبابخانە بچووکەکانی سەر شەقامەکانەوە تاوەکو یانە شەوانە گەورەکان.
 
یەکێک لە نموونە دیارەکانیش یانەی (کیزی)یە، کە بە سیستمی دەنگیی پێشکەوتوو و نمایشی هونەریی راستەوخۆ، وایکردووە ئاهەنگ و کات بەسەربردن تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام بێت.
 
دیمۆن، بەڕێوەبەری یانەی شەوانەی کیزی، باس لە گرنگیی خواردن و خواردنەوە دەکات لە کلتووری سیچواندا و دەڵێت، "کاتێک باس دێتە سەر خواردن و خواردنەوە، ئەوا بۆ سیچوان شتێکی زۆر سەرەکییە. خەڵکی ئێرە حەزیان لە خواردنە. بۆ نموونە، هەموو رۆژێک، بە گۆشتی مانگای تازە ئاوگۆشتێکی خەست ئامادە دەکەین، دواتر هەر لێرە خۆشی دەکەین. پرۆسەکە هەموو رۆژێک شەش کاژێر دەخایێنێت." ئەمەش نیشاندەری پابەندبوونی قووڵە بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی کوالێتیی بەرز لە ماوەی کاتژمێرەکانی شەودا.
 
پێشڤەچوونی خێرای ئابووریی شەوانە لە چەنگدوو، رەنگدانەوەی سیاسەتە پاڵپشتییەکانی بەرپرسانی شارەکەشە. ساڵی رابردوو، چەنگدوو 55 رێکاری بۆ پاڵپشتیکردن لە بازرگانییە بچووکەکان راگەیاند، لەوانەش رێگەدان بە چێشتخانەکان بۆ دانانی کورسیی زیاتر لە دەرەوە و کردنەوەی چاخانەکان بۆ ماوەی 24 کاژێر.
 
ئەم رێکارانە ژینگەیەکی لەبارتریان بۆ گەشەکردنی ئابووریی شەوانە رەخساندووە و وایانکردووە چەنگدوو ببێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ شارەکانی دیکەی چین لە بووژاندنەوەی ئابوورییەکانیان لە رێگەی چالاکییە شەوانەکانەوە.