لە هیندستان پزیشکێک دەخەڵەتێنرێت و "قۆرییەکەی عەلادین"ـی بە زیاتر لە 41 هەزار دۆلار پێدەفرۆشن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو پیاو لە هیندستان دەستگیر کراون کە بە بیانووی كڕینی "قۆری عەلادین" بە بەهای نزیکەی 41 هەزار و 600 دۆلار پزیشکێکیان خەڵەتاندووە و دێوێکی ساختەشیان دروست کردووە. 
 
لەیێک خان لە پۆلیسی ویلایەتی باکووری عوتتار پرادێش نزیک بووە و بۆی دەرکەوتووە کە قۆرییەکە هیچ دەسەڵاتێک و سیحرێکی تیدا نییە، وەک ئەوەی لە چیرۆکە میللییەکانی ناو خەڵکدا لەبارەی عەلادینەوە باسکراوە کە دێوەکە پاش ئەوەی دەست لە قۆرییەکە دەخشێنیت خەونەکانت بۆ بەدی دەهێنێت.  
 
ئەمیت رای، ئەفسەری پلەبەرزی پۆلیس رایگەیاند، مامەڵەی فێڵەکە لەسەر پارەیەکی زۆر زیاتر کراوە، بەڵام پزیشکەکە نزیکەی 41 هەزار و 600 دۆلاری داوە.
 
دوو پیاوە تۆمەتبارکراوەکە بۆ فرۆشتنی قۆرییەکە داوای زیاتر لە 200 هەزار دۆلاریان کردووە، بەڵام دوایی نرخەکەیان بۆ 41 هەزار و 584 دۆلار دابەزاندووە.
 
گوتیشی پیاوەکان رۆژی پێنجشەممە دەستگیر کراون و لە ژێر چاودێریی پۆلیسدان تاوەکو تاوانەکەیان لەسەر ساخدەبێتەوە.
 
رای دەشڵێت، "ژنی یەکێک لەو پیاوانەش لە ساختەکارییەکەدا تێوەگلاوە."
 
پزیشکەکە لە سکاڵاکەیدا باسی لەوە کردووە، یەکێک لە پیاوەکان خۆی وەکو خاوەنی هێزی شاراوە نیشانداوە و جنۆکەیەکی لە بەردەم قۆرییەکەدا دروست کردووە.  
 
بەڵام کاتێک خان داوای کردووە دەست لە دێوەکە بدات یان قۆرییەکە بباتەوە بۆ ماڵەوە، پیاوەکان رازی نەبوون و گوتوویانە لەوانەیە زیانت پێ بگەیەنێت.  
 
لە کۆتاییدا پیاوەکان قۆرییەکەیان پێ فرۆشتووە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوە کە ئەو قۆرییە تەندروستی، ماڵ و سامان و بەختێکی باشی بۆ دەهێنێت. 
  
خان دەڵێت، "دواتر زانیومە دێوەکە هەر یەکێک لە پیاوەکان خۆی بووە و شێوەی خۆی گۆڕیوە."
 
 ئەفسەرەکەی پۆلیس باسی لەوەش کردووە، "ئەو دوو پیاوە پێشتریش بە هەمان شێواز کۆمەڵێک خێزانی دیکەشیان خەڵەتاندووە و کۆی ئەو پارەی دەستیان کەوتووە دەگاتە چەندین ملیۆن روپیە."