هاووڵاتییانی پێنج وڵاتی ئەوروپی دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە چین
رووداو دیجیتاڵ
پێنج وڵاتی ئەوروپی هەن کە چیدیکە هاووڵاتییانیان پێویستان بە وەرگرتنی ڤیزە نییە بۆ ئەوەی گەشتی چین بکەن.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە کە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەتوانن بەبێ ڤیزە بچنە وڵاتەکەی و بۆ ماوەی 15 رۆژ لەوێ بمێننەوە.
مەبەستی سەردانەکە بۆ چین دیارینەکراوە، واتە ئەگەر بۆ گەشتیاری بێت یان بازرگانی، یان سەردانی کەسوکار ئاساییە و ڤیزای پێویست نییە. گوتەبێژەکە دەڵێت، ئەو بڕیارە تاوەکو کۆتایی مانگی 11ی 2024 کاری پێدەکرێت.
بەهۆی رێوشوێنە تووندەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، کەرتی گەشتیاری و هاتووچۆی چین زیانی گەورەی بەرکەوتووە. نەهێشتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ئەوروپییانە، یەکێکە لە هەوڵەکانی چین بۆ بووژاندنەوەی ئەو کەرتانە.