بەرپرسێکی ئەڵمانیا: دژی ناردنەوەی کوردانی ئێزدین و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هەرێم کۆمان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فلۆریان هاسلەر، بریکاری وەزارەتی هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ بۆ کاروباری سیاسی و ئەورووپا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنسێرتێکی خێرخوازیدا، ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی کرد. دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە داهاتی چالاکییەکە بۆ پڕۆژەی کلینیکی چارەسەری دەروونی تەرخان دەکرێت ،جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانییەکان بۆ قوربانیانی دەستی داعش وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی دەبینن و هەمیشە هەواڵی رزگاربوونی هەر ژن و منداڵێک مایەی خۆشحاڵییە بۆیان.
سەبارەت بە هاوکارییەکان، هاسلەر ئاشکرای کرد هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ جگە لە وەرگرتنی زیاتر لە 1000 ژن و منداڵی رزگاربووی دەستی داعش لە چوارچێوەی پشکێکی تایبەتدا، لە ساڵانی ڕابردوودا پاڵپشتی نزیکەی 70 پڕۆژەی جۆراوجۆری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. ئاماژەی بەوەشدا نیوەی ئەو پڕۆژانە تایبەت بوون بە شنگال، چونکە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەمنی و وێرانکارییەکان، بەلای ئەوانەوە گرنگە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ناوچەکەدا بکرێت بۆ ئەوەی زەمینەی گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان خۆش بێت.
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە دژایەتی خۆی بۆ ناردنەوەی پەناخوازانی کوردی ئێزدی راگەیاند و دەڵێت هەرچەندە بڕیاری کۆچ لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە، بەڵام ئەو دووپاتی کردەوە دۆخی ئێزدییەکان بەهۆی ئەو جینۆسایدەی بەسەریان هاتووە، جیایە لە هەر پەنابەرێکی دیکە و نابێت بنێردرێنەوە بۆ ناوچەیەک کە لێی هەڵاتوون، بۆیە هەوڵ دەدەن دامەزراوەکان و حکومەتی فیدراڵی هۆشیار بکەنەوە تا بە وردییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانیاندا بکەن.
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ فلۆریان هاسلەر، بریکاری وەزارەتی هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ بۆ کاروباری سیاسی و ئەورووپا
رووداو: دەمەوێت بۆچوونتان لەسەر ئەم چالاکییە و کۆنسێرتە خێرخوازییەی ئەمشەو بزانم؟
فلۆریان هاسلەر: بەڕاستی چالاکییەکی نایابە ئەمشەو، لەگەڵ تیپێکی موزیکی نایاب، میوانی زۆر باشمان هەبوون و گوێمان لە گوتاری نایاب بوو، بەڵام بێگومان شتێکی تایبەتە بۆ من وەک بریکاری وەزارەتی هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ، کە بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێزدییەکان، بەشداربووی کۆنسێرتێکی خێرخوازیی وا بم، بەتایبەتی کاتێک داهاتەکەی بۆ پڕۆژەیەکی وەکو هی یان کزڵهان دەچێت، بۆ کلینیکی چارەسەری دەروونی.
رووداو: هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ چی کردووە بۆ دۆسیەی کوردانی ئیزدی ،تا ئێستا چۆن هاوکاریتان کردوون، بەتایبەت لە شنگال؟
فلۆریان هاسلەر: هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ لە رێگەی پشکێکی تایبەتەوە بۆ ژنان و منداڵانی ئێزدی پەیوەندی بە ناوچەکەوە کردووە، دوای هێرشە دڕندانەکەی ئەوەی پێی دەگوترا دەوڵەتی ئیسلامی، ئێمە بڕیارماندا زیاتر لە 1000 ژن و منداڵ لە بادن-ڤویرتێمبێرگ وەربگرین، بەڵام ئەوە تەنیا بەشێکی بچووک بوو و نیشانەیەکی بچووکی مرۆڤایەتی و هاوکاری بوو،هەروەها دەستمان کرد بە هاوکاریکردن لەوێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ، لە شنگالیش، ئەمڕۆ دووبارە بیستمانەوە دۆخی شنگال هێشتا چەند سەختە، وێرانکاری و میلیشیاکان، بەداخەوە هیچ شوێنێک ئارام نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بۆ ئێمە گرنگە لە شنگالیش وەبەرهێنان لە ژێرخاندا بکەین بۆ ئەوەی خەڵک بەڕاستی دەرفەتی گەڕانەوە و وەبەرهێنانیان لە پڕۆژەکاندا هەبێت، هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگ لە ساڵانی رابردوودا پاڵپشتیی نزیکەی 70 پڕۆژەی کردووە لە ناوچەکەدا، کە نیوەی زیاتریان لە شنگال بوون.
رووداو: رای بەڕێزتان چییە لەسەر رزگاربوونی ژنانی کوردی ئێزدی، هەروەها هەڵوێستتان چییە لەسەر بابەتی "ناردنەوەی پەنابەرانی ئێزدی" بۆ عێراق؟
فلۆریان هاسلەر: سەرەتا، من وەکو خۆم دڵخۆش دەبم بە رزگاربوونی هەر ژنێک و هەر منداڵێک لە دیلیدا، ئەمە هەمیشە بابەتێکی گەورە بووە لە سەردانەکانمدا، بۆ نموونە کاتێک چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە عێراق بووم؛ هێشتا هەزاران ژن و منداڵ بێسەروشوێنن و نازانین لەکوێن، بۆیە هەمیشە هەواڵێکی خۆشە کاتێک ژنان رزگار دەکرێن، تەنانەت دوای ئەو ماوە درێژەش. بێگومان ئەرکی هەرێمی بادن-ڤویرتێمبێرگیشە لێرە بەشدار بێت و بەردەوام هەوڵ دەدەین پاڵپشتیان بکەین.
دواتر ئێوە پرسیاری رەوانەکردنەوەتان کرد کە زۆر لەجێی خۆیدا بوو؛ سەرەتا بڕیارەکە لای حکومەتی فیدراڵییە، چونکە ئێمە حکومەتی هەرێمین و راستەوخۆ یاسای مافی پەنابەرێتی و کۆچ دانانێین، بەڵام ئەمشەویش دووبارە ئەوەمان گوتەوە ناکرێت دۆخی تایبەتی ئێزدییەکان کە جینۆسایدیان بەسەردا هاتووە، بەراورد بکرێت بە خەڵکی دیکە کە پەنا بۆ ئێرە دێنن، بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بە وردییەکی زیاترەوە مامەڵە بکات و خەڵک نەنێرێتەوە بۆ ناوچەیەک کە بەهۆی جینۆسایدێکی ترسناکەوە لێی هەڵاتوون، ئێمە هەوڵ دەدەین دامەزراوەکانمان لەو رووەوە هۆشیار بکەینەوە.
رووداو: دوای چەندین سەردان بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندیتان لەگەڵ کورد و کولتووری کوردی چۆنە؟
فلۆریان هاسلەر: من چەند جارێک سەردانی ناوچەکەم کردووە، هاوڕێیەکی زۆر نزیکم هەیە کە بە رەچەڵەک کوردە و چەندین ساڵە لێرە لە ئەڵمانیا دەژی، لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی براکەیدا بەشدار بووم، لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندیی زۆرم دروستبووە، بەتایبەتی لەگەڵ میواندۆستییە گەورەکەی کورد، هەست دەکەم کەمێک ویژدانم ئازارم دەدات کاتێک لێرە پێشوازی لە میوانانی کوردستانی عێراق یان کورد دەکەم، چونکە ئەو میواندۆستییەی لەوێ بەرامبەرم کراوە و بووەتە بەشێک لێم، مرۆڤ ناتوانێت وەکو خۆی وەڵامی بداتەوە، بێوێنەیە، لە رووی خواردنیشەوە، من هەوادارێکی گەورەی خواردنی کوردی، وا هەست دەکەم لە سەردانەکەی دواییمدا 5 کیلۆم زیاد کردبێت کاتێک گەڕامەوە.