پارتی گەل لەهەوڵی بێبەشکردنی عێراقییەکانە لە رەگەزنامەی دانمارکی

رووداو-هەولێر

نووسینگەی فیدراسیوونی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشنیازی پارتی گەلی دانیمارکی بۆ بێبەشکردنی عێراقییە مسوڵمانەکان لە وەرگرتنی رەگەزنامەی دانیمارکی پێچەوانەی هەموو یاسایەکانی مافی مرۆڤەو پشنیازێکی شۆفینیانەیە.

ئامانج عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فیدراسیوونی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هەوڵی پارتی گەلی دانیمارکی بۆ بێبەشکردنی عێراقییە مسوڵمانەکان لە وەرگرتنی رەگەزنامەی دانیمارکی پێچەوانەی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤەو پشنیارێکی شۆفینیانەیە".

ئامانج عەبدوڵڵا گوتیشی: "لەئەگەری جێبەجێکردنی پێشنیارێکی هاوشێوە جگە لە عەرەبە عێراقییەکان، زۆر کورد هەن لە دانمارک لەو پێشنیارە زەرەرمەند دەبن و ئێمە هەڵوێستمان دەبێ و لە رۆژانی داهاتوودا بۆ رێگرتن لە تێپەڕاندنی ئەو پێشنیارە لە پەرلەمانی دانیمارک".

ئەمە لەکاتێکدایە پارتی گەلی دانیمارکی پێشنیازێکی پێشکەشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە بۆ بێبەشکردنی پەنابەرە مسوڵمانەکانی عێراق لە وەرگرتنی رەگەزنامەی دانیمارکی.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی دانیشتونی دانیمارک نزیکەی 5 ملیۆن و 600 هەزار کەسە و تەنها %28 ئەو ژمارەیە بڕوایان بەخودا هەیەو رێژەی موسڵمانانیش دەگاتە نزیکەی 3%و گەرەترین کەمینەی دانمارک پێکدەهێنن.