گرووپێك دۆناڵد ترامپ بۆ راكێشانی سەرنجی گەنجان بەكاردەهێنێت

رووداو - Reuters

گرووپی ئەلشەبابی سۆماڵی، گوتەكانی دۆناڵد ترامپ، كاندیدی بەهێزی كۆمارییەكان بۆ راكێشانی گەنجان بۆ نێو گرووپەكەی بەكاردەهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی ترامپ هێرشی تووندی كردە سەر موسڵمانان و داوایكرد رێگەنەدرێت بچنە ئەمریكا.

گرووپی چەكداری ئەلشەباب، كە لە ناوچەكانی رۆژئاوا، نێوەڕاست و باشووری سۆماڵ كردەوەی چەكداری ئەنجامدەدەن، لە نوێترین فیلمی خۆیاندا، كە شێوەی دۆكیۆمێنتارییە، گوتەكانی ترامپ دژی موسڵمانان بۆ مەبەستی"نادادپەروەری رەگەزی" دژی موسڵمانان لەنێو ئەمریكا بەكاردەهێنێت.

فیلمەكەی ئەلشەباب 51 خولەكە و لە دوو شوێندا ترامپ دەردەكەوێت، بەجۆرێك گوتەكانی ئەنوەر ئەلئەولاكی بەبیردەهێنێتەوە كە پێشتر رایگەیاندبوو، موسڵمانان دوو بژاردەیان لەبەردەستە، یان وڵاتانی رۆژئاوا بەرەو وڵاتانی ئیسلامی بەجێبهێڵن، یان لەنێو رۆژئاوا شەڕیان دژ بكەن.

مانگی رابردوو دۆناڵد ترامپ،  ملیاردێری ئەمریكی و كاندیدی بەهێزی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، داوایكرد رێگە لە چوونە ناوەوەی موسڵمانان بۆ ئەمریكا بگیرێت، ئەوەش كاردانەوە و ناڕەزایی فراوانی لەنێوخۆ و دەرەوەی ئەمریكا لێكەوتەوە.



گرووپی چەكداری ئەلشەباب، لە رۆژئاوای سۆماڵ چەند ناوچەیەكی بەدەستەوەیە، جگەلەوەش لە وڵاتانی كینیا و ئەسیوپیا چەندین تەقینەوە و كردەوەی چەكداری ئەنجامداون.

ئەو رێكخراوە چەكدارییە، كه بە لقێكی قاعیدە لە وڵاتانی ئەفریقا دادەنرێت، لە ساڵی 2006 ەوە دامەزراوە.