ئێران: یۆرانیۆم بۆ دەرەوە ناگوازینەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران نیازی نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026، عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: "بەرپرسانی ئێران هیچ نیازێکیان نییە مادەی ئەتۆمیی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازنەوە و دانوستاندنەکان بە هیچ شێوەیەک لەسەر بابەتێکی لەو شێوەیە نین."
ئەم لێدوانەی باقری لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی کردووە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لە کاتێکدا پیاوی جەنگین، هەموو کات پیاوی دیپلۆماسییش بووین؛ هیچ کات دیپلۆماسیمان وەلا نەناوە و دەرفەتێکمان بۆ پاراستنی مافی خەڵک لەو رێگەیەوە لەدەستنەداوە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای شکستی ئەمریکا لە "ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە" ئێستا ئەوانن باس لە دیپلۆماسی دەکەن. وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن ئاشکرا کرد و گوتی: "دەبێت لە روانگەیەکی یەکسان، رێزگرتن و بەرژەوەندیی دوولایەنەوە بکرێت."
دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دانوستاندنی ئەتۆمیی تاران و واشنتن لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنەکان، هەڕەشەی هێرشکردن دەکات.
پێشتر لە نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ، ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی لێنەکەوتەوە. دواتر بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، پرۆسەکە راگیرا.