مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی رەوەندی کلدانی و ئاشووری لە ئەمریکا کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی رەوەندی کلدانیی و ئاشووریی نیشتەجێی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کریستییانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەشتی نەینەوا کراوە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "جەختی لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کردەوە."
 
هاوکات، هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەربڕی.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە کۆبووەوە.