ترەمپ لەبارەی شەڕی ئێران: هێشتا گورزە بەهێزەکەمان نەوەشاندووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی کەمپەینە سەربازییەکەی دژی ئێران چڕتر دەکاتەوە.
 
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNN، ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا "خەریکن تێکیان دەشکێنن"، لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە هێرشێکی گەورەتر لە رێگەدایە.
 
ترەمپ گوتی، "پێموایە زۆر باش بەڕێوەدەچێت. زۆر بەهێزە. ئێمە باشترین سوپای جیهانمان هەیە و بەکاری دەهێنین"، هەروەها گوتیشی: «شەپۆلە گەورەکە هێشتا رووی نەداوە. گورزە گەورەکە بەم زووانە روودەدات".
 
ترەمپ باسی ئەوەی کرد کە جەنگەکە رەنگە نزیکەی چوار هەفتە بخایێنێت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆپەراسیۆنەکان "کەمێک لە پێش خشتەی کاتییەوەن"، هەرچەندە گوتی کە نایەوێت شەڕەکە "زۆر درێژە بکێشێت". ئەو داوای لە هاووڵاتیانی مەدەنی کرد لە ناو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و گوتی: «دەرەوە سەلامەت نییە".
 
ترەمپ هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر چەند وڵاتێکی عەرەبی بە "گەورەترین سوپرایز" وەسف کرد و گوتی سەرکردە ناوچەییەکان لە سەرەتادا داوای بەشدارییەکی سنوورداریان کردبوو [لە هێرشکردنە سەر ئێران] بەڵام دوای ئەوەی ئێران مووشەکی گرتە هۆتێل و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە وڵاتانی کەنداو، "ئێستا ئەوان زۆر تووڕەن".
 
سەبارەت بە زیانەکانی سەرکردایەتی لە ئێران، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشەکانی ئەمریکا 49 کەسایەتیی باڵایان کوشتووە. ئەو گوتی: "هێرشێکی سەرسوڕهێنەر بوو.. ئێمە ئێستا نازانین کێ سەرکردایەتی وڵاتەکە دەکات. ئەوان خۆیشیان نازانن کێ سەرکردایەتی دەکات".
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێناوە چونکە تاران "ئامادە نەبوو ئەوەمان پێ بدات کە داوامان کردبوو"، بەتایبەتی سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەو گوتی، "نەمانتوانی لەگەڵ ئەم خەڵکە [ئەو سەرکردانە] رێکبکەوین".
 
ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستای بەستەوە بە کارەکانی رابردووەوە، لەوانە هێرشە درۆنییەکەی ساڵی 2020 کە بووە هۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و بە "هەنگاوێکی گەورە" ناوی برد. هەروەها رەخنەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 گرت کە لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆ کرابوو و بە "رێگەیەک بەرەو بۆمب» وەسفی کرد.
 
لەبارەی داهاتووی سەرکردایەتیی ئێرانەوە گوتی، "ئێمە نازانین سەرکردایەتییەکە کێیە. نازانین کێ هەڵدەبژێرن. رەنگە بەخت یاوەریان بێت و کەسێک دەستنیشان بکەن کە بزانێت چی دەکات".