'هەنگوینی هۆشبەر'ی رووداو لە هیندستان خەڵات دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی 'هەنگوینی هۆشبەر'ی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کورتی لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی فیلم لە هیندستان پێبەخشراوە و بەربژێرە بۆ خەڵاتی دووەم.
ئەو فێستیڤاڵەی کە بەڵگەفیلمەکەی رووداو تێیدا خەڵاتی بردووەتەوە ناوی (فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی ئاتڤیکڤارونی)یە.
هەروەها بەڵگەفیلمی 'هەنگوینی هۆشبەر' کە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی رۆژ عەلی زاڵەیە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەمای جیهان "Cinema of the World International Film Festival" بەربژێرکراوە بۆ خەڵاتی دووەم وەکو باشترین بەڵگەفیلمی کورت و لە فێستیڤاڵەکەدا پێشان دەدرێت.
رۆژ عەلی زاڵە، پرۆدیوسەر و پێشکێشکاری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، ''بینەرانی هیندستان لە رووداوەوە سەیری چیرۆکی ژیانی گوندێکی نیپاڵ، وڵاتێکی تەنیشت خۆیان دەکەن و مەترسیدارترین شێوازی پەیداکردنی بژێوی ژیان دەبینن. ئەمەش پێشانیدەدات تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی کارەکانییەوە نەک تەنیا هەواڵ و چیرۆکەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بینەرانی لە جیهان دەگوێزێتەوە، بەڵکو توانیویەتی ببێتە شوێنێک کە بینەری کولتووری جیاواز، رەنگ و دەنگی خۆیانی تێدا ببینەوە و دیدێکی کوردی لەسەر کولتووری ناوچەکەی خۆیان ببینن.''
بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر چیرۆکی کۆمەڵێک گوندنشین لە نیپاڵ دەگێڕێتەوە کە لە بڵندایی چیاکانی هیمالایا، بە پەت و داری بامبوو بەسەر شاخەکاندا هەڵدەگژێن بۆ دەرهێنان و هێنانە خوارەوەی هەنگوینی کێوی.
هەنگوینی هۆشبەر لە رێگەی کۆکردنەوەی شیلەی گوڵی رۆدۆدێندرۆن، کە لە بەرزاییەکانی چیاکانی هیمالایا دەڕوێت، دروست دەبێت. مێش هەنگی هیمالایا کە یەکێکە لە گەورەترین جۆری مێش هەنگەکانی جیهان، شیلەی گوڵەکە لە دوو وەرزی ساڵ دا کۆدەکەنەوە. بەهۆی هەبوونی بڕێک لە مادەی گرایانۆتۆکسن، هەنگوینەکە لەکاتی خواردنی دا مرۆڤ سەرخۆش دەکات.
بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە دەچنە شاخەکان و هەنگوینەکە کۆدەکەنەوە و شێوەی بەکارهێنانی لەلایەن گوندنشینەکانەوە دەگێڕێتەوە.
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بردنەوەی خەڵاتەکەوە دەڵێت، "بەڵگەفیلمی هەنگوینی هۆشبەر نیشاندەری توانا و پرۆفیشناڵێتی تەواوی کارمەندانی رووداوە، هەر لە تیمی بەرهەمهێنانەوە لە نیپاڵ، تاوەکو ئیدیتۆر و گرافیک دیزاینەر و هەموو ئەوانەی کاریان لەسەر بەڵگەفیلمەکە کردووە."
رێباز عەلی دەشڵێت، "بەڵگەفیلمەکە پابەندبوونی رووداو بە گێڕانەوەی چیرۆکی کاریگەر دەردەخات و، هەروەها کاریگەری رووداو نیشاندەات لە شوێن و ناوچەی جیاواز دا."
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاتڤیکڤارۆنی تایبەتە بە خەڵاتکردن و پەرەپێدانی فیلمە کوالێتی بەرزەکان. فێستیڤاڵەکە داهێنەرە بەتواناکان لە سەرانسەری جیهان دا لەخۆدەگرێت و سەکۆیەکی ناوازە بۆ سینەماکاران لە هەموو ئاستەکاندا دابین دەکات بۆ کێبڕکێ و نمایشکردنی بەرهەمەکانیان.
فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سینەمای جیهان فێستیڤاڵێکی وەرزانەیە و تایبەتە بە یارمەتیدانی سینەماکارانی سەربەخۆ لە رێگەی پێشاندان و خەڵاتکردنی فیلمەکانیان.
فێستیڤاڵەکە کە بە CWIFF ناسراوە هانی خەڵک لە هەموو باکگراوندەکانەوە دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی فیلمەوە چیرۆکەکانیان پێکەوە باس بکەن، بەتایبەتی لە ناوچە کەمتر ناسراوەکانی وەک سڕبیا و نیپاڵ.
دروشمی ئەم ساڵی فێستیڤاڵەکە (بەهێزکردنی خاوەن دیدگاکانە). کە لەو رێگەیەوە بانگهێشتی سینەماکاران دەکات بۆ بەشداریکردن، هاوبەشکردنی دیدگا ناوازەکانیان و بەجێهێشتنی کاریگەریی بەرچاویان لەسەر بینەران لە سەرانسەری جیهان.