ماکرۆن بۆ ترەمپ: جەنگی ئێران بڕیارێکی تاکلایەنەیە و کێشەی ئەتۆمی چارەسەر ناکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا هێرشی تووند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر ئێران و رایدەگەیێنێت، جەنگ نابێتە هۆی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی دۆسیەی ئەتۆمی. دەشڵێت، وەڵامی قسە "نەشیاوەکانی" ترەمپ لەبارەی ژیانی تایبەتیی خۆی ناداتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە کۆریای باشوورە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی گوتارەکەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە جەنگی ئێران و پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و واشنتنی وروژاند.
'قسەکانی ترەمپ لە ئاستی پێویستدا نین'
سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ژیانی تایبەتی و هاوژینەکەیەوە، ماکرۆن گوتی: "ئەو قسانەی شەوی رابردووی ترەمپ لەبارەی ژیانی هاوژینیمەوە، نە جوانن، نە لە ئاستێکی بەرزدان." گوتیشی: "من وەڵامی ئەو جۆرە قسانە نادەمەوە، چونکە شایەنی وەڵامدانەوە نین.."
پێشتر ترەمپ لە لێدوانێکدا ململانێ سیاسییەکانی بردە ناو ژیانی تایبەتی ماکرۆن و گوتبووی: "هاوژینەکەی زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکات؛ ئەو هێشتا بە تەواوی لەو زللەیە چاک نەبووەتەوە کە بەر چەناگەی کەوتووە."
'جەنگ کێشەی ئەتۆمی چارەسەر ناکات'
سەرۆککۆماری فەرەنسا گومانی خۆی لە کاریگەریی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "ئەو جەنگەی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە دژی ئێران دەستیان پێکردووە، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چارەسەر بکات."
ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن یان ئەوەی ترەمپ ناوی ناوە "رزگارکردن"ی تەنگەی هورمز، کارێکی "ناواقیعییە" و ناتوانرێت لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، هەروەها گوتی: "هێرشی سەربازیی ئامانجدار، تەنانەت ئەگەر چەند هەفتەیەکیش بخایەنێت، نابێتە هۆی چارەسەرکردنی درێژخایەنی پرسی ئەتۆمی."
سەرۆککۆماری فەرەنسا هۆشداریی دا لەوەی کە ئەگەر بوار بۆ دیپلۆماسی نەهێڵدرێتەوە، مەترسییەکان دووبارە دەبنەوە و دەڵێت: "ئەگەر چوارچێوەیەک بۆ دانوستاندنی دیپلۆماسی و تەکنیکی نەبێت، رەنگە دوای چەند مانگێک یان چەند ساڵێکی دیکە، بارودۆخەکە خراپتر ببێتەوە."
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا رێگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی ئەوەیە کە پەنا بۆ گفتوگۆ ببرێت و گوتی: "تەنیا لە رێگەی دانوستاندنی قووڵ و رێککەوتنەوە دەتوانین دڵنیابین لەوەی چاودێرییەکی درێژخایەن دەبێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەمووان دەپارێزرێت.
رەتکردنەوەی هاوکاریی سەربازی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن پەردەی لەسەر داواکارییەکی "نهێنی" ترەمپ لادا و ئاشکرای کرد، سەرۆکی ئەمریکا داوای لێکردووە کەشتیی جەنگی رەوانەی کەنداو بکات، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.
ماکرۆن گوتی: "ئەم جەنگە جەنگی ئێمە نییە. ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان بە تەنیا بڕیاریان لەسەر داوە. ناتوانن خۆیان بە تەنیا بڕیار بدەن و دواتر گلەیی ئەوە بکەن کە هاوکاری ناکرێن."
پێشتر ترەمپ گوتبووی داوای لە ماکرۆن کردووە "بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و تێکشکاندنی مووشەکە بالیستیکییەکان" کەشتیی جەنگی بنێرێت، بەڵام ماکرۆن وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی "تەنیا دوای کۆتاییهاتنی جەنگ دەتوانین کەشتی بنێرین."
درزی قووڵ لە نێوان پاریس و واشنتن
دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران پەیوەندییەکانی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و دۆناڵد ترەمپ گەیشتوونەتە نزمترین ئاست.
فەرەنسا کە هەمیشە داکۆکی لە رێگەچارەی دیپلۆماسی و رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری لە ناوچەکە دەکرد، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەوە دەربڕیوە کە واشنتن بەبێ هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بڕیاری هێرشی سەربازیی داوە. ماکرۆن چەندین جار هۆشداریی داوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئەورووپاش دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ئاست "هەڕەشەکانی ئێران"دا لاواز بوون و پشتیوانیی پێویستی ستراتیژییەکانی ئەمریکا ناکەن. ئەم ناکۆکییە سیاسییانە ئێستا سنووری دیپلۆماسییان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە ئاستی هێرشی کەسی بۆ سەر یەکدی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵبوونەوەی درزی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە دێرینەی ناتۆ لێکدەدرێتەوە.