دواگوتاری ترەمپ جیهانی لە کۆتاییەکی نزیکی جەنگی ئێران بێهیوا کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هەموو هیواکان بۆ کۆتاییەکی نزیکی ئەو جەنگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە، دوای دوایین گوتاری دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەی چوارشەممەدا، بە تەواوی رەوینەوە. ترەمپ لەجێی خستنەڕووی دیدگایەکی روون بۆ دەرچوون لەو قەیرانە جیهانییەی لەم جەنگە کەوتووەتەوە، هەڕەشەی تێسرەواندنی گورزی کوشندەتری لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد.
 
لەگەڵ گوتارەکەی، هەر دەستبەجێ بازاڕی پشکەکان دابەزی و نرخی نەوتیش بەرزبووەوە، ترەمپ رایگەیاند "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا" ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەنێو ئێران چڕتر دەکەنەوە، بەڵام بێئەوەی هیچ خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو لەبارەی چۆنێتی کۆتاییهێنان بەو جەنگە بخاتەڕوو کە بازاڕی جیهانیی وزەی تووشی شڵەژان کردووە.
 
ترەمپ لە ماوەی یەک مانگی جەنگدا زیاتر لە 12 جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کۆتایی جەنگەکە نزیکن و دەسەڵاتدارانی ئێران ناچاری رێککەوتن دەکات، شەوی رابردووش دیسان گوتی: "ئێستا دەتوانم بڵێم کە بەرەو تەواوکردنی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا دەچین. ئەوە نزیکە و زۆریش نزیکە".
 
هەروەها گوتی "لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە تووندی لێیاندەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ چەرخی بەرد". 
 
ترەمپ باسی ئەوەی کرد کە جەنگەکە بۆی هەیە روو لە هەڵکشانی زیاتر بکات ئەگەر سەرکردەکانی ئێران لە دانوستاندندا مل بۆ مەرجەکانی ئەمریکا نەدەن، لەوانەیە هێرش بکەینە سەر ژێرخانی وزە و نەوتی ئێران، ئەوەش لەکاتێکدا ئەو وڵاتانەی لەم قەیرانەدا زەرەرمەندی پلەیەکن، چاوەڕێی ئاماژەی روونتر بوون لەبارەی دەرچەیەک لەو قەیرانە کە ئێستا هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکات، بۆ نموونە خاوی برێنت 106 دۆلاری تێپەڕاند، پاش ئەوەی دەرکەوت گوتارەکەی ترەمپ هیچ گەرەنتییەکی تێدا نییە لەبارەی کردنەوەی گەرووی هورمز کە پێنجیەکی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ.
 
بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)، گوتارەکەی دۆناڵد ترەمپ نە هەر گەلی ئەمریکای دڵخۆش نەکرد، بگرە وەکو سەرۆکێکیش دەرکەوت کە جێی متمانەیان نەماوە و تەنانەت نوێترین راپرسی وا دەردەخات کە متمانەیان بە ئەنجامەکانی ئەم جەنگەش نەماوە.
 
لەو گوتارەدا کە بیست خولەکی خایاند، دۆناڵد ترەمپ لە باسی هۆکارەکانی بەرپاکردنی ئەو جەنگەدا گوتی کە نەدەکرا "رێ بە تیرۆریستانی رژێمی ئێران بدەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" لەکاتێکدا 47 ساڵە هەڕەشە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش نەیانتوانی رێ لە پەرەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بگرن، بەڵام چاودێرانی ئەمریکی دەڵێن لێدوانە ناکۆکەکانی ترەمپ لەبارەی ئامانجەکانی ئەم جەنگە لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا، متمانەی خەڵکی بەو پاساوانە بە تەواوی لاواز کردوون.
 
ستیڤن کۆڵنسن، شرۆڤەکاری تۆڕی سی ئێن ئێن لەوبارەوە نووسیویەتی "هەندێ لە بانگەشەکانی سەرۆک، بۆ نموونە ئەوەی کە ئێران نزیک بووە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و لەو نزیکانە دەبووە خاوەنی مووشەکی ئەوتۆ کە دەیانتوانی بگەنە نێو خاکی ئەمریکا، بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ مەزەندەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هیچ بەڵگەیەکیشی نەخستەڕوو کە دەرفەت بە ئەمریکییەکان بدات رای تایبەتی خۆیان دەربارەی ئەو مەترسییە گەڵاڵە بکەن".
 
کۆڵنسن دەڵێت: "سەرۆک بەو گوتارەی شەوی چوارشەممە خۆی خستە گێژاوێکەوە کە هەر بەدەستی خۆی دروستی کردووە. پەیامە دژبەیەکەکانی، بڵاوکردنەوەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و گوتارە پڕ لە هەڵبەزودابەزەکانی کە تووڕەییان پێوە دیارە، هەموو پێکەوە هاوکار بوون لە پاشەکشەی متمانەی خەڵک بە سەرۆکایەتیی ئەو بۆ نزمترین ئاستەکانی". 
 
تۆڕی سی ئێن ئێن لەو دوایین راپرسییەدا کە بە هاوکاریی دامەزراوەی (SSRS) لە رۆژی چوارشەممەدا و پێش گوتارەکەی ترەمپ کردوویەتی، دەڵێت رێژەی لایەنگری لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ 35٪ بووە، بەڵام تەنیا 34٪ی ئەمریکییەکان پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ئێران دەکەن. 
 
هەر بەپێی راپرسییەکە 68٪ی ئەوانەی بەشدارییان کردووە دژی ئەوە بوونە هێزی زەمینی رەوانەی ئێران بکرێ، ئەوە لەکاتێکدایە کە ترەمپ لە گوتارەکەی خۆیدا ئەو رێگەچارەیەی بەدوور نەزانی.
 
ئاسەوارە ئابوورییەکانی ئەم جەنگە بەخێرایی لەسەر هەموو لایەکی ئەم جیهانە دەرکەوتوون و لەنێوخۆی ئەمریکاشدا کاریگەری لەسەر پاشەکشەی متمانەی خەڵک داناوە. لەو راپرسییەدا دەرکەوتووە کە رێژەی پشتیوانی لە ترەمپ لە دۆسیەی ئابووریدا بۆ 31٪ دابەزیوە، نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەوانەی بەشدارییان کردووە دەڵێن سیاسەتەکانی ترەمپ گوزەرانی زەحمەت کردوون.
 
ئەم داتایانە بۆ ترەمپ و بۆ کۆمارییەکانیش بەگشتی دەبێ مایەی دڵەڕاوکێ بن لەکاتێکدا دوای نزیکەی حەوت مانگی دیکە هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتییان لەپێشە.