ترەمپ دەتوانێت تاکلایەنە لە ناتۆ بکشێتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

جینی شاهین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (دیموکراتەکان) و تۆم تیلیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (کۆمارییەکان) لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کە هاوکات سەرۆکایەتی هاوبەشی گرووپی چاودێری کاروباری ناتۆ دەکەن، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆکی وڵاتەکەیان دایەوە بۆ کشانەوە لە هاوپەیمانی ناتۆ. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە ناتۆ بۆ ئاسایشی ئەمریکا و جیهان زۆر گرنگە و یاسا رێگە بە سەرۆک نادات بە تەنیا بڕیاری کشانەوە بدات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، راگەیێندراوەکە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ناتۆ بەهێزترین و سەرکەوتووترین هاوپەیمانیی سەربازییە لە مێژوودا. ئەم هاوپەیمانییە پەرە بە سەقامگیریی ئابووری دەدات و گرنگترین پەیوەندییە بازرگانییەکانمان دەپارێزێت. ناتۆ هێزێکی یەکلاکەرەوەیە لە جیهانێکی روو لە مەترسیدا." 
 
ئەندامەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر خەرجکردنی 5٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان بۆ کاروباری بەرگری و زیاتر لە 60٪ـی خەڵکی ئەمریکاش پشتگیری لە ناتۆ دەکەن.
 
هەردوو سێناتۆرەکە بیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان هێنایەوە کە ناتۆ لە کاتی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەردا لە پشت ئەمریکا وەستا و سەربازەکانیان لە ئەفغانستان لە تەنیشت هێزەکانی ئەمریکا جەنگان و گیانیان سپارد. ئەوان دەڵێن: "هەر سەرۆکێک بیر لە کشانەوە لە ناتۆ بکاتەوە، نەک تەنیا گەورەترین خەونی ڤلادیمیر پووتین و شی جینپینگ بەدی دەهێنێت، بەڵکو زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش دەگەیەنێت."
 
سەبارەت بە لایەنە یاساییەکەی کشانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، "با روون بین، کۆنگرێس رێگە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان نادات لە ناتۆ بکشێتەوە. پڕۆژەیاسایەکی هاوبەشی هەردوو پارتەکە کە لە لایەن سێناتۆری ئەو کاتە (مارکۆ روبیۆ)وە ئامادە کرا و بووە بە یاسا، رێگری لە هەر سەرۆکێک دەکات کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەم کارە بکات. یاساکە بە روونی دەڵێت تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت مۆڵەت بە سەرۆک بدات بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ، ئەوەش هەرگیز روونادات."
 
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە دوێنێ، ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای وڵاتەکەی و دواتر بۆ میدیای بەریتانیا هەڕەشەی کشانەوەی لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد. ترەمپ گوتی، وڵاتانی ناتۆ یارمەتییان نەدان لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا و هاوکارییان نەکردن. 
 
دواتر، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ناکرێت هەر کات ئەورووپا پێویستی بە هاوکاری ئەمنی بوو هاوکارییان بکەن بەڵام ئەوان هاوکاری ئەمریکا نەکەن.