تاجیکستان 84 منداڵی چەکدارانی داعشی لە عێراق وەرگرتەوە
رووداو - هەولێر
تاجیکستان 84 منداڵی چەکدارانی داعش لە عێراق وەرگرتەوە، کە باوک یان دایکیان بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوی داعشەوە لە زینداندان.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان ئاشکرای کرد، ئەو 84 منداڵە سەرجەمیان هاووڵاتی تاجیکین و "زۆریان لێکراوە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە"، ئەوەش دوای ئەوەی باوک و دایکیان پەنوەندیان بەو گرووپەوە لە عێراق و سووریا کردووە.
منداڵەکان رۆژی 30-4-2019 بە گەشتێکی تایبەت لە بەغداوە رەوانەی پایتەختی تاجیکستان کراونەتەوە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی 75 منداڵ لە عێراق کە لە وڵاتی خۆیان دوورخراونەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدا 49 ژنی تاجیکستانی لە زیندانەکانی عێراقدان بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە تووندئاژۆیی.
بەپێی زانیاری ئاژانسی ئەی ئێف پی، وەزیری دەرەوەی تاجیکستان رایگەیاندووە، وەرگرتنەوەی ژنەکان "زۆر قورسترە" لە پرۆسەی وەرگرتنەوەی منداڵەکان.
بەگوتەی بەرپرسانی تاجیکستان، لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتە پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە.
دوای لەنێوبردنی داعش لەڕووی سەربازییەوە، هەزاران چەکدار و ژن و منداڵی نێو ئەو گرووپە بە دیلی دەستگیرکراون، کە ژمارەیان بە نزیکەی 10 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت. زۆرینەی ئەو چەکدارە و ژن و منداڵانە لە کەمپی هۆل-دان لە حەسەکە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت کە ئامادەنین چەکدارە دیلەکانی داعش وەربگرنەوە، کە بەگوتەی ئەو ژمارەیان هەزار و 800 چەکدارە.
لە توویتێکیدا ترەمپ رایگەیاند "لە دوا شەڕی ئێمە لە سووریادا بۆ تێکشکاندنی لە 100%ی خەلافەتی داعش، ئێمە هەزار و 800 زیندانیکراوی داعشمان وەک بارمتە گرتوون. ئێستا بڕیارەکان دەرکراون سەبارەت بەوەی چی لەگەڵ ئەو زیندانییە مەترسیدارانەدا بکرێت. وڵاتانی ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک هاوکار نین، گەرچی ئەمە (شەڕی داعش) بەزۆری لە سوودی ئەوان کرا. ئەوان وەرگرتنەوەی ئەو داعشە زیندانییانەی کە لە وڵاتانی دیاریکراوی ئەواندا هاتوون، رەتدەکەنەوە. ئەمە باش نییە".
تاوەکو ئێستا تەنیا بۆسنیا و کۆسۆڤۆ چەکداری داعشیان وەرگرتووەوە. کۆسۆڤۆ زیاتر لە 100 چەکداری داعش و منداڵ و خێزانی ئەو چەکدارانەی وەرگرتووەتەوە، وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئامادەنین وەریانبگرنەوە و بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکانیان دایاندەنێن.