خۆپێشاندانەکانی فەرەنسا بەردەوامن و تورکیا رێکاری ئەمنیی تووند کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی دەستپێکردنی خۆپێشاندانێکی هاوشێوەی فەرەنسا لە تورکیا دەکەن.
 
دەنگی ناڕەزایی لە فەرەنسا تادێ زیاتر بەرزتر دەبێتەوە و خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت بەردەوامن. لە کاتێکدا خۆپێشاندانەکە لە کوژرانی مێرمنداڵێکی بە رەچەڵەک جەزائیری لەلایەن پۆلیسی فەرەنسا، دەستیپیکردووە و هاوکات پەنابەر و کۆچبەری فەرەنسای خرۆشاندووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش باس لە دەستپێکردنی هەمان شەپۆلی ناڕەزایی لەلایەن کۆچبەر و پەنابەرانی تورکیا دەکرێت. ئەمەش حکومەتی تورکیای تووڕە کردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 2-7-2023 سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەو پۆستانەی بە چەواشەکاری ناوبردووە و دەڵێت، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵە دروست دەکات و هۆکارە بۆ تێکدانی ئاسایش، شیرازەی گشتی و هاندانی خەڵک بۆ دووژمنایەتی. لە ئیستەنبووڵ بە بڕیاری داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دەستیپێکردووە.
 
تیمەکانی ئاسایش و هەواڵگری بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆست، کۆمێنت و ڤیدیۆ لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە، رێنوێنییان پێدراوە و بە چڕی چاودێریی دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە 27-06-2023 پۆلیسی فەرەنسا تەقەی لە کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری بەناوی نائیل کرد و کوشتی.
 
لە کاردانەوەی ئەوەدا، خۆپێشاندانی گەورە شارەکانی فەرەنسای گرتەوە کە دواتر گرژی و تووندوتیژیی تێکەوت، جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی پۆلیس نەیتوانی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان بهێنێت.
 
نائیل لە کۆمەڵگەی پابلۆ پیکاسۆ لە ناوچەی نانتێری پاریس، کە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لێی دەژین، گەورە بووە.