چیرۆکی ئەو ئافرەتەی بۆمبی قەڵاشکێنی داهێنا
رووداو دیجیتاڵ
هەمووان باسی هێز و کاریگەریی بۆمبی "قەڵاشکێن" (Bunker Buster) دەکەن، بەڵام دەزانیت ئەو چەکە لەلایەن ئافرەتێکەوە داهێنراوە کە وڵاتەکەی خۆی بەهۆی شەڕ و بۆمبەوە وێران بووە؟
بۆمبی قەڵاشکێن، جۆری(GBU-57) یەکێک لە داهێنانەکانی خاتوونی بۆمبە، دوایین جار و لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا، ئەو بۆمبەی ئەمریکا بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکارهێندرا. بۆمبەکە توانای بڕینی زیاتر لە 60 مەتر کۆنکرێت هەیە پێش ئەوەی بتەقێتەوە.
خاتوو ئان دوۆنگ (Anh Duong)، تەمەن 65 ساڵ، خەڵکی ڤێتنامە و خاوەنی بیرۆکەی سەرەکیی ئەو چەکە کوشندەیەیە. لەبەر ئەو داهێنانەی، بە "خاتوونی بۆمب" ناسراوە.
لە سایگۆنەوە بۆ واشنتن
چیرۆکی دوۆنگ لە منداڵییەوە لەناو شەڕی ڤێتنامدا دەست پێدەکات. کاتێک تەمەنی نزیکەی حەوت ساڵان بوو، لەبەردەم دەرگەی ماڵەکەیاندا لە سایگۆن، سەیری براکەی دەکرد کە فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەر بوو لە سوپای باشووری ڤێتنام و ماڵەکەی بەجێدەهێشت بۆ ئەرکێکی سەربازی. دوۆنگ بە گریانەوە ئاواتی دەخواست "گۆچانێکی سیحراوی هەبێت تاوەکو باشترین و پێشکەوتووترین چەک بداتە براکەی، بۆ ئەوەی سەربکەوێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە."
ئەو دیمەنە هەمیشە دووبارە دەبووەوە، تاوەکو لە کۆتاییدا ئەو کچە بچووکە بەڵێنێکی بە خۆی دا: ئەگەر ئەمریکییەکان خۆی و خێزانەکەی بپارێزن هەمان ئەو کارە بۆ سەربازە ئەمریکییەکان دەکات کە پارێزگارییان لێی کرد و خێزانەکەیان پاراست.
چۆن ئەمریکییەکان خێزانەکەیان پاراست؟ لە نیسانی 1975، کاتێک سایگۆن خەریک بوو بکەوێتە دەستی هێزەکانی باکووری ڤێتنام، براکەی و هاوڕێیەکی ئەمریکی توانی خۆی و دایک و باوکی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بگەیێنێتە کەشتییەکی جەنگی کە بەرەو فلیپین دەڕۆیشت. لەوێشەوە، وەک پەنابەر گەیشتنە واشنتن.