جۆبایدن لەبارەی کوژرانی زەواهیری: هاوتای بن لادن بوو
رووداو - هەولێر
بەرەبەیانی رۆژی 2ی ئاب بە درۆن خانووی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان کرایە ئامانج و کوژرا.
زەواهیری ماوەی 21 ساڵ بوو دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکا بە شوێنیدا دەگەڕان و 25 ملیۆن دۆلار خەڵاتیش بۆ هەر کەسێک دانرابوو بیکوژێت یان زانیاری لەبارەی شوێنەکەی بداتە ئەمریکا، ئەوەش بەهۆی ئەو رۆڵەی لەنێو رێکخراوەکەدا هەیبوو.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "زەواهیری هاوتای بن لادن بوو؛ هەمیشە لەگەڵیدا بوو. ئەو پیاوی دووەمی رێکخراوەکە بوو و، لە کاتی هێرشی 11ی سێپتێمبەر جێگری بن لادن بوو. زەواهیری بە شێوەیەکی کاریگەر لە پلاندانان بۆ هێرشی 11ی سێپتێمبەر بەشداربوو. ئەو هەروەها بەرپرسیاری یەکەمی ژمارەیەک هێرش بوو کە لە ئەنجامیاندا دوو هەزار و 977 هاووڵاتی لەنێو خاکی ئەمریکا کوژران".
جۆ بایدن لە گوتارەکەیدا لەبارەی کوشتنی ئەیمەن زەواهری، تەنیا ئاماژەی بە خانوویەک لە کابوولی ئەفغانستان کرد کە لە لایەن سی ئای ئەیەوە کراوەتە ئامانج.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە تاڵیبان گرت و گوتی، رێگەدان بە مانەوەی زەواهیری لە کابوول لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەفغانستانەوە پێشێلکردنی رێکەوتننامەی دەوحەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زەبیحوڵڵا حەقانی، وەزیری نێوخۆی ئەفغانستانی بە شاردنەوەی ئەیمەن زەواهیری لە خانووەکەی خۆی تۆمەتبارکرد.
بەڵام حەققانی گوتەکانی بلینکنی رەتکردەوە و گوتی، ئەوە ئەمریکایە لە رێکەوتننامەی دەوحە لایداوە و بەشێک لە ئەفغانستانییەکانیش دەڵێن، دەکرا رێگەیەکی دیکە بگیرایەتەبەر، نەوەک هێرشی درۆنی.
محەممەد محەممەدی، دانیشتووی کابوول گوتی: "ئەگەر ئەمە شکاندنی پەیماننامەکەش بێت، ئەمریکا دەیتوانی بە گفتوگۆکردن کێشەکە چارەسەر بکات. هەمیشە رێگەی ئاسانتر لە جەنگ و خوێنڕێژی هەیە، بەڵام بەکاری ناهێنین".
بە گوێرەی رێکەوتننامەی دەوحە، تاڵیبان رێگە نادات ئەفغانستان ببێتەوە مەیدانی جموجووڵی گرووپ و رێکخراوە پەڕگیرەکان. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، تاڵیبان هەمان ئەو کارەی کرد کە بووە هۆی ئەوەی ساڵی 2001 هێرش بکاتە سەر ئەفغانستان کە رێگەدان بوو بە مانەوەی بن لادن لە خاکەکەیدا.