پووتین لە وڵاتێکە کە ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا سەردانی وڵاتێكی ئەندامی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی کردووە کە ساڵێکە دادگەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2-9-2024، ڤلادیمیر پووتین، بە سەردانێك گەیشتە ئالەنباتاری پایتەختی مۆنگۆلیا و دادگەی دادی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد "پووتین دەستگیر بکەن".
لە ئاداری 2023، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، سەرۆکی رووسیای بە "گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی ئۆکراینا بۆ رووسیا" تۆمەتبار کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، ساڵی 2002 لە رۆمای ئیتالیا دامەزرا. 124 ئەندامی هەیە لە نێویاندا مۆنگۆلیا.
رووسیا لە 2014دا واژۆی لەسەر پەیماننامەی دادگەکەدا کرد و رێكارە یاساییەکانی پەسندکرد، هەرچەندە لە 2016 لێی کشایەوە، بەڵام دادگە دەڵێت: "واژۆی رووسیا بە واتای پەسندکردنی رێکارەکانی دێت و بە کشانەوە کاریگەرییە یاساییەکان لەسەری دەمێننەوە".
فادی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، مۆنگۆلیا واژۆی لەسەر سیستمی بنچینەیی رۆما کرد کە بنەمای کاری دادگەکەیە و ئەرکی سەر ئەو وڵاتەیە بڕیارەکانی جێبەجێ بکات و سەرۆکی رووسیا دەستگیر بکات".
حکومەتی مۆنگۆلیا هیچ وەڵام و لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە، بە پێچەوانەوەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئالەنباتاردا پێشوازییەکی گەرمی لە پووتین کرد و کە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئامادە بوون.
مۆنگۆلیا وڵاتێکە لە رووی جوگرافیاوە داخراوە، سنوورێكی 3 هەزار و500 کیلۆمەتری لەگەڵ رووسیا و نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەتری لەگەڵ چیندا هەیە؛ بە یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان دادەنرێت. بۆ دابینکردنی غاز و کارەبا پشت بە رووسیا دەبەستێت و لە وەبەرهێنان و جووڵەی بازرگانی پێویستی بە چینە.