ئیمامێكی "مسوڵمان"، بەڵام هاوڕەگەزباز

رووداو – واشنتن

لە ئەمریكا هەندێك مسوڵمان مەزهەبێكیان هەیە، كە لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلام دەگمەنە و رێگەپێدراو نییە، ئەم گرووپە ژنێك سەرۆكیانە كە بەبێ لەچك و بە قۆڵ و باسكی رووتەوە بەرنوێژیی بۆ پیاوان دەكات.

گرو‌وپەكە ناویان لەخۆیان ناوە "مسوڵمانان بۆ بەهاپێشكەوتووەكان"، كە لقیان لە زۆربەی ویلایەتەكانی ئەمریكا هەیە.

ئەوان دژی ئەو شێوازەی ئیسلام دەوەستنەوە كە زۆربەی مسوڵمانانی جیهان پیادەی دەكەن‌و دەڵێن شێوازێكە كە ژن یەكسان لەگەڵ پیاودا سەیر ناكات.

ئەم گرووپە سەرباری هەموو ئەو جیاوازییەیان لەگەڵ بەها بنچینەییەكانی ئیسلام، لەگەڵ كردەی هاوڕەگەزبازیی ناكۆك نین، تەنانەت ئیمامێكی هاوڕەگەزبازیشیان هەیە.

دایە عەبدوڵڵا، ئەو ئیمامەی ئەم گرووپەیەو لە واشنتن دی سی دادەنیشێ و تاكە ئیمامی هاوڕەگەزبازە لە هەموو ئەمریكا. ئەم ئیمامە ئەمریكییە كە بە بنەچە ئەفریقییە مزگەوتی نییە، بەڵام هەركاتێكیش شوێنێك دەگرێ بۆ نوێژكردن ژمارەی ئەو كەسانەی لە پشتییەوە دەوەستن بۆ نوێژكردن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی وەك سعودییەو ئێران سزای هاوڕەگەزبازەكان كوشتنە، بەڵام ئەم ئیمامە تەفسیرێكی جیاواز لەبارەی هاوڕەگەزبازییەوە دەخاتەڕوو.

لە قورئانی پیرۆزدا سوورەتێكی تەواو هەیە لەسەر گەلی لو‌وط،كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هاوڕەگەزبازی لەنێویاندا خودا رقی لێ هەڵگرتوون و لەناوی بردوون، لەم بارەوە ئیمام دایە عەبدوڵڵا گوتی: "چۆن دەكرێ بزانین خودا رقی لێیان بووە، كێ دەتوانێ بزانێ خودا كێیە". ئەو پێیوایە نابێت مرۆڤ تەفسیری ئایەتەكانی قورئان و قسەكانی خودا بكات، بەڵكو دەڵێ "با رێگە بدەین خودا خۆی قسە بكات".

زیاتر گوتی "بابەتی دروست ئەوەیە كە لەنێو گەلی لووط دەستدرێژیی سێكسی بەزۆر بوونی هەبووە، هۆكاری لەناوبردنیشیان تەنیا هاوڕەگەزبازی نەبووە، بەڵكو چەندین كرداری دیكە لەنێویاندا هەبووە، وەك چەتەیی و لە دادگاكانیاندا گەندەڵی و كاری دزێو هەبووە".