ئەستێرەیەکی هۆڵیوود بەرگری لە چالاکڤانانی میسر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سکارلێت جۆهانسن، ئەکتەری شۆخوشەنگی ئەمریکی، داوای لە حکومەتی میسر کرد، چوار چالاکڤانی دەستگیرکراوی وڵاتەکە ئازاد بکات.
 
ئەستێرە ئەمریکییەکە، کە لە رێگەی ڤیدیۆیەکی سەر 'یوتیوب'، ئەو داوایەی لە دەسەڵاتدارانی میسر کردووە،  زۆر کەم لە بابەتە سیاسی و مافپارێزییەکاندا دەردەکەوێت، لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "دۆخەکە لە میسر ئاڵۆزە، 4 کەس بەهۆی بەرگریکردن لە کەرامەتی میسرییەکان، دەستگیرکراون".
 
ئەو چوار چالاکڤانەی جۆهانسن داوای ئازادکردنیان دەکات، وەک خۆی ناوی هێناون بریتین لە جاسر، کەریم، محەممەد و پاتریک. ئەوان هەفتەی پێشوو بەهۆی کارکردنیان لەگەڵ رێکخراوی 'دەستپێشخەری میسر بۆ مافە کەسییەکان'، دەستگیرکران. ئەوان داوای دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە میسردا.
 
بەر لە سکارلێتی ئەستێرەی هۆلیوود، نزیکەی 200 کەسایەتیی ئەکادیمی لە جیهاندا، داوایان لە دەسەڵاتدارانی میسرکرد گیراوەکان ئازاد بکات، لە کاتێکدا حکومەتی میسر داواکارییەکان بە "هەڵهێنجانی بەهەڵە و پەرچەکرداری نادروست" ناودەبات و دەڵێت: "دەستتێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتدا".
 
سکارلێت جۆهانسن، چالاکڤانەکانی بە کەسانی بەرگریکەر لە مافەکان ناوبردووە، دەڵێ ئەوان تەمەنیان لە دژایەتیکردنی زوڵمدا بەسەربردووە، بەڵام ئێستا بەندکراون و رووبەڕووی تۆمەتی بێبنەما کراونەتەوە، بۆ چەندین ساڵ لە بەندیخانە توونددەکرێن، بەڵام لە راستیدا تاوانەکەیان تەنیا بریتییە لە بەرگریکردن لە میسرییەکان و کارکردن بۆ چاککردنی سیستمی دادوەری لە وڵاتەکەدا.
 
سکارلێت، هەڵوەستەی لەسەر ژیانی گیراوەکان کردووە، گوتوویەتی کەریم کە لەماوەی رابردوودا هاوسەرگیری کردووە، ساڵیادی 37ەمی لەدایکبوونی لە بەندیخانەدا دەکاتەوە، لە کاتێکدا پاتریک ئەشکەنجەدراوە، دوای دەستگیرکردنی لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا. هەرچی جاسرە، کەلە دامەزرێنەرانی رێکخراوە دەستپێشخەرەکەیە، ماوەی چوار ساڵە گەشتی لێ قەدەخەکراوە و پارەکانی بلۆککراون.
 
ئەو چوار چالاکڤانە لە ماوەی جیاواز جیاوازدا دەستگیرکراون، ئەوان لەلایەن حکومەتی میسرەوە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆریان دراوەتە پاڵ، پاش ئەوەی رێکخراوەکەیان میوانداریی ژمارەیەک کەسی لە 14 دەوڵەتی جیاوازەوە کرد.
 
داواکاری گشتیی میسر، تۆمەتی ئەندامیێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی داوەتە پاڵ گیراوەکان، کە مەبەست لێی رێکخراوی 'ئیخوان موسلمین'ە کە حکومەتی میسر وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.
 
گیراوەکان هەروەها تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆیان دراوەتە پاڵ، کە بۆی هەیە زیان بە ئاسایشی گشتی بگەیەنێت، لەگەڵ بەکارهێنانی پێگەی سەر ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ.
 
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئێرلەندا دڕدۆنگیی خۆیان لە دەستگیرکردنی ئەو چالاکڤانانە دەربڕیبوو و داوایان لە دەسەڵاتدارانی میسر کردبوو، ئازادیان بکەن.