لە شارێکی سوێد پلەکانی گەرما تاوەکو 41 پلە خوار سفر دابەزیون
رووداو دیجیتاڵ
شاری نیکالۆکتا دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری سوێد، کاتێک دەگوترێت زستان بە بەفر و سەرماوە خۆشە، بەڵام بۆ خەڵکی ئەو شارە بەوشێوەیە نییە، پلەکانی گەرما تاوەکو 41 پلەی خوار سفر دابەزیون.
ئێریک ساری، هاووڵاتییەکی ئەو شارەیە لەبارەی دۆخیان لەو کەشوهەوا ساردەدا دەڵێت، "رۆژانە لە کەشوهەوای ئاساییدا بە ئۆتۆمبێل گەشت دەکەین بەڵام بەڕاستی لە 41 پلەی خوار سفر شتی وا ناکرێت."
لەو شارە سوێدییە زستانی ساڵی رابردوو پلەی گەرما لە دەوروبەری 35 خوار سفر بوو؛ فیگارۆ هاوژینی نییە، زۆربەی تەمەنی لە بەفر و سەرمادا بردووەتەسەر، بە رێگە کۆنەکەی باوباپیرانی کە سووتاندنی دارە؛ ماڵە بچووکەکەی گەرم دەکاتەوە.
فیگارۆ باس لەوە دەکات کە "شەوی رابردوو پلەی گەرما 39 خوار سفری تۆمار کرد، لە جێگە هەستام تاوەکو میز بکەم، سەرما هەناسەی بڕیم، خەریکبوو وەک سەهۆڵ رەق بمەوە."
ئەو دڵی بەو لێفە ئەستوورە خۆشە پێشی ئۆتۆمبێلەکەی پێداپۆشێت و لە پەککەوتن بیپارێزێت، گەرچی خۆشی دەزانێت لە سەرمایەکی ئاوادا هێندە سوودی نییە.
ئەوانە بەشێکن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە جیهاندا هەندێ ناوچە هەن کە ساردن، لەو گۆڕانکارییە وا دەکات ساردتر ببن، وەکو ناوچەی یاکووتسک لە رۆژهەڵاتی رووسیا کە پار پلەی گەرما 48 خوار سفری سیلیزی تۆمار کرد.