ترەمپ: ئێران خەریکە مووشەکی لێ دەبڕدرێ
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، توانای سەربازیی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام روو لە کەمبوونەوەیە و تاران خەریکە سەکۆی هاویشتنی مووشەک و کۆگای چەکی لێ دەبڕدرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامادەیە لەگەڵ نەوەیەکی نوێی دەسەڵاتداران لە تاران کاربکات.
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ رایگەیاند: "ئێران خەریکە چەکی لێ دەبڕدرێ، خەریکە شوێنێشی نامێنێت لێیەوە مووشەک ئاراستە بکات، چونکە لەنێوبراون. ئەوان سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکیان لێ دەبڕدرێ."
سەبارەت بە توانای سەربازیی ئەمریکا، ترەمپ باس لەوە دەکات کە وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی "بێسنوور" لە تەقەمەنی و چەکی پێشکەوتووە؛ گوتیشی: "کۆمپانیا بەرگرییەکان بە خێراییەکی زۆر خەریکی دروستکردنی ئەو شتانەن کە پێویستمانن و فەرمانی باری نائاساییان پێدراوە."
ترەمپ رەخنەی لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرت و بە "گەمژە" ناویبرد، بەوەی ئەو چەکانەی بەکارنەهێناوە.
سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات جەنگەکە چوار تا پێنج هەفتە بخایەنێت و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بوو هێرش بکەنە سەر ئێران، چونکە "لە لێواری دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمیدا بوو".
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەیە لەگەڵ حکومەتێکی نوێ لە ئێران کاربکات.
کاتێک لێی پرسرا ئایا کات درەنگ نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێ؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، درەنگ نییە. لەبیرتان نەچێت 49 سەرکردەی باڵایان کوژراون، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی هەیە. سەرکردەی نوێ دەردەکەون، زۆر کەس ئەو پۆستانەیان دەوێ و هەندێکیان زۆر باش دەبن."