وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە: ترەمپ ئامادەیە پشتگیری لە گرووپە چەکدارەکانی ئێران بکات


رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە پشتگیریی ئەو گرووپانەی نێو ئێران بکات کە دەیانەوێ چەک هەڵگرن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا. وەک رۆژنامەکە دەڵێ، دەکرێ هەنگاوێکی لەو جۆرە ئەو گرووپە ئێرانییانە بکاتە هێزێکی زەوینی کە لانیکەم لە رووی گوتارەوە واشنتن پشتگیرییان بکات.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی کە قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، رۆژی یەکشەممە ترەمپ لەگەڵ "سەرکردە کوردە"کان قسەی کردووە و بەردەوامە لە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە نێوخۆییەکانی دیکە کە لەوانەیە سوود لە لاوازیی تاران وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت. 
 
وۆڵ ستریت دەنووسێت، کورد هێزێکی بەرچاوی لە سنووری هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، هەروەها ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کردووە و "ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو پێشبینییەی کە ئیسرائیل رێگە بۆ پێشڕەویی کوردەکان خۆش دەکات".
 
کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دەڵێ: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ زۆرێک لە هاوبەشە ناوچەییەکان قسەی کردووە،" بێ ئەوەی بە ئاشکرا ئامانجەکانی ترەمپ پشتڕاست بکاتەوە. 
 
ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس یەکەمجار هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەکسیۆس گوتی، ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە و "ئامانجی ئەم پەیوەندییانەش تاوتوێکردنی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم ململانێیە بووە."
 
 لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کراوە. مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەو پەیوەندیییەدا سەرۆک ترەمپ بەرچاو روونی داوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا".
 
وەک وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەداوە، لەوانەش ئەوەی کە ئایا چەک، مەشق و راهێنان یان پشتگیریی هەواڵگری پێشکێشی گرووپە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئێران بکات یان نا.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لە کاتی راگەیاندنی دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ترەمپ داوای لە گەلی ئێران کرد راپەڕن و "دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن؛" گوتیشی "ئەمریکا بە هێزێکی بێشوومار و وێرانکەر پشتگیریتان دەکات." بەڵام بە پێشکێشکردنی لانیکەم پشتگیرییەکی مەرجدار بۆ گرووپە چەکدارە بەرھەڵستکارەکان، کە هەریەکەیان ئامانجی جیاوازی هەیە، ترەمپ هەنگاوێکی زیاتر دەنێت لە تەنیا داواکردن بۆ راپەڕینێکی جەماوەری، ئەوە بە گوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە.