سنووری پۆڵەندا.. سەتان خۆبەخش لە پێشوازی پەنابەرانی ئۆکراینیدان

 
رووداو دیجیتاڵ 

 

لەسەر سنووری پۆڵەندا و ئۆکراینا، پیاوێک بە تەمەنێكی زۆرەوە لە رۆژێكی سارددا بە گەرمیی پێشوازی لە پەنابەرانی ئۆکراینا دەكات.
 
‎ویلیام خەڵكی بەریتانیایە و تەمەنی 74 ساڵە. خۆبەخشە لە سنووری پۆڵەندا و ئۆكراینا. رۆژانە یارمەتی پەنابەرە ئۆكڕاینییەكان دەدات.
 
‎ویلیام لۆرێنس، لەسەر سنووری پۆڵەندا و ئۆكرایناوە دەڵێت، "‎سەتان خۆبەخش لە چەندین نەتەوەی جیاجیا پێكەوە كار دەكەن. لە ئەمریكا، ئەوروپا، بەریتانیا، چین و زۆر وڵاتی دیكە، خۆبەخشەكان لە سنووری پۆڵەندا و ئۆكراینا هەن. گرنگتر لە هەموو شت ئەوەیە كە هەموومان پێكەوە یارمەتی مەعنەویی ئۆكراینییەكان بدەین كە لەو ئازار و توندوتیژییە هەڵهاتوون و پەنایان هێناوەتە پۆڵەندا." 
 
‎لە خاڵە سنوورییەكانی پۆڵەندا زیاتر لە 60 رێكخراوی مرۆیی هەن بۆ یارمەتی پەنابەران. ئەركی سەرەكیش لەسەر شانی خۆبەخشەكانە. 
 
خۆبەخشەکان ‎ئەو زمانانەی كە دەیزانن لە پشتی ئێلەگەكانیان دەینووسن. بەم کارە ئاسانكاریی زیاتر دەكەن بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ پەنابەرەكان. 
 
‎پانایۆنتیس زێنۆفۆنتیس، خۆبەخشێکی دیکەیە و دەڵێت، "‎ئێمە یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی كە بچن بۆ هەر شوێنێک كە مەبەستیانە. دەچنە بەرلین، دەچنە ڤییەنا یان هەر شار و وڵاتێكی دیكە. ئەگەریش شوێنێكیان دیاری نەكردبێت لە رێگەی رێكخراوە پەیوەندیدارەكانەوە، رێنوێنییان دەكەین بچنە شوێنێک کە ئاسایشی تێدابێت و ئاسوودە بێت. 
 
‎لە دەستپێكی شەڕی رووسیا و ئۆكرایناوە ‎خۆبەخشەكان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و لە 25 وڵاتی دیكەی جیهانەوە لە پۆڵەندان بۆ یارمەتی پەنابەرە ئۆكراینییەكان. پۆڵەندا رایگەیاندووە، بۆ یارمەتی پەنابەرە ئۆكراینییەكان پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە. یەكێتی ئەوروپا تاوەكو ئێستا نزیكەی یەک ملیار دۆلار یارمەتی پۆڵەندای داوە بۆ كاروباری پەنابەرە ئۆكراینییەكان.