هەوڵەکانی تایبەت بە ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا شکستیان هێنا
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران شکستیان هێنا.
رۆژی هەینی 3-4-2026 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نێوەندگیرانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە سەرۆکایەتیی پاکستان بە بنبەست گەیشتوون.
وەک سەرچاوەکە دەڵێ، ئێران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە ئامادە نییە لە رۆژانی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کۆببێتەوە و مەرجەکانی ئەمریکاش بۆ ئاگربەست و رێککەوتن بەلایەوە پەسند نین.
لە چەند رۆژی رابردوودا میسر، پاکستان، سعودیە و تورکیا دەستیان بە هەوڵێکی نێوەندگیری بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ رۆژی 27-03-2026 لە مەیامی رایگەیاند، پێشنیازێکی 15 خاڵییان داوەتە ئێران بە مەبەستی رێککەوتن " کە دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات."
25ی مانگ میدیای ئەمریکی 14 خاڵی بڵاوکردەوە، خاڵەکان ئەمانەن:
1 - دەبێ ئێران تواناکانی ئێستای ئەتۆمی هەڵبوەشێنێتەوە.
2 - دەبێ ئێران بەڵێن بدات هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
3- نابێ هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران هەبێت.
4- دەبێ ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.
5- دەبێ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنیی فۆردۆ هەڵبوەشێندرێنەوە.
6- دەبێ رێگەی تەواو بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدرێت بگاتە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
7- ئێران دەبێ واز لە گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکە بهێنێت.
8- ئێران دەبێ پارەدارکردن، ئاراستەکردن و پڕچەککردنی گرووپە نزیکەکانی رابگرێت.
9- دەبێ تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە.
10- دەبێ بەرنامەی مووشەکیی ئێران لە رووی مەودا و ژمارەوە سنووردار بکرێت.
11- ئێران دەبێ بەکارهێنانی مووشەک تەنیا بۆ بەرگری لە خۆی سنووردار بکات.
12- کۆتاییهێنان بەو سزایانەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەپێندراون.
13- یارمەتیی ئەمریکا بۆ پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی.
14- لابردنی میکانیزمی سناپباک کە رێگە بە سەپاندنەوەی ئۆتۆماتیکیی سزاکان دەدات ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.