'ئەوروپا یان نەمان'؛ ئەفریقییەکانی تونس سوورن لەسەر پەڕینەوە بۆ 'بەهەشت'
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 453 کۆچبەری ئەفریقی لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون، بەڵام ئەوەی لە خەیاڵی ئەواندا لەوبەری دەریاوە چاوەڕوانیان دەکات، زۆر لە ترسی خنکان گەورەترە.
ئیانۆ ستیڤ، کۆچبەری کۆتدیڤواری دەڵێت "بەدوای ژیانێکی خۆشتر بۆ خێزانەکەم دەگەڕێم، چی پێدەڵێن، بەدوای داهاتوویەکی گەشتر بۆ منداڵەکەم دەگەڕێم. ژیانمان لێرە روون نییە".
نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری ئەفریقی لە تونس دەژین، دوو لەسەر سێیان خەڵکی کۆتدیڤوارن.
لە ساڵی 2021دا نیوە زیاتری ئەوانەی لە تونسەوە پەڕیونەتەوە ئیتاڵیا، ئەفریقی بوون، نزیکەی 100 کەسیان لەڕێگەی بەندەری سفاقسەوە پەڕیونەتەوە.
ئەفریقییەکان تونس بەجێدەهڵێن، چونکە دەڵێن لەوێ رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە. پریستا کۆنێ دەڵێت لەسەر شەقامەکان بە "مەیموون" بانگی دەکەن و بەردی تێدەگرن.
لەپاڵ ئەمەشدا، تێچووی ژیان و باجی مانەوە لە تونس بۆ ئەفریقییەکان لە پەڕینەوە بۆ ئەوروپا سەختترە.
پریستا کۆنێ، کۆچبەری کۆتدیڤواری باس لەوە دەکات "لە چاوی خەڵک پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست نەفرەتلێکراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە هەست بە سەلامەتی دەکەین لە دەریای ناوەڕاست بپەڕینەوە بۆئەوەی ئەو لایە ببینین کە باشتر دەبینرێین، ئێمە لە ئەوروپا، لە ئیتاڵیا یاخود فەرەنسا باشتر مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت. ژیان لە تونس زۆر قورسە".
زۆربەی ئەو ئەفریقییانەی روودەکەنە تونس لەبەر بێکاری رادەکەن و لە تونسیش پەیمانی بریقەداریان پێدەدرێت، بەڵام کە دەگەنە وڵاتەکە لە بێهیوابوون زیاتر هیچیان دەستناکەوێت.
عومەر کولیبالی، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆتدیڤوارییەکان لە سفاقس دەڵێت "کە ئەفریقییەکان گەیشتنە ئێرە، ئامانجیان پەڕینەوە نەبوو، خەڵکێکی زۆریان بۆ کارکردن هاتنە ئێرە، بەڵام ئەوان راستیان پێنەگوترا. پەیمانی مووچەی بەرزیان پێدرا کە لە وڵاتی خۆیان بوون، هەندێکیان هەرچی هەیانبوو فرۆشتیان، کە گەیشتنە ئێرە بۆیان دەرکەوت درۆیان لەگەڵدا کراوە. بژارەی دیکەیان نەبوو".
ژمارەی ئەوانەی لە تونسەوە ژیانی خۆیان رادەستی شەپۆلەکانی دەریا دەکەن روو لە زیادبوونە، یەکەمجاریشە زۆربەی بەلەمی بەندەرەکانی تونس، تونسی نین.
ئێستا قسەیەک بووەتە بنێشتی سەر زاری زۆربەی ئەو ئەفریقییانەی بیرۆکەی پەڕینەوە لە مێشکیاندایە، دەڵێن مردنی خەڵکێکی زۆر لە ئەوروپا بە پەتای کۆرۆنا جێگەی مانەوە و دەرفەتی زیاتری کاری بۆ کۆچبەران رەخساندووە.