دوو ژنی کورد کاندیدن بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا
رووداو- ئەڵمانیا
ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 22ی ئەیلولی داھاتوو بەڕێوەدەچن و پارتی دی لینکە (Die Linke)ی چەپ لە دوو ویلایەتی گەورەدا، دوو ژنی کوردی کاندید کردووە، ئایتەن کاپلان لە ویلایەتی نۆردراین ڤێستفالن و بەھیە ئوجا لە ویلایەتی نیدەرزاکسن.
ئوجا: ئەگەر دی لینکە 9% بێنێ سەردەکەوم
لە ویلایەتی نیدەرزاکسنی باکووری ئەڵمانیا، کە ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی لێیە، پارتی دی لینکە لە لیستەکەیاندا بۆ پەرلەمانی بەرلین، بەھیە ئوجا، 42 ساڵ، خوشکی پەرلەمانتاری پێشووی ئەوروپا فەلەکناس ئوجایان کاندید کردووە، بەھیە لە ساڵی 2011ەوە ئەندامی ئەنجوومەنی گەڕەکی نێڤنھاوزنی شاری سێلەی ویلایەتی نیدەرزاکسنە.
ئوجا بۆ (رووداو)ی ئاشکرای کرد، کە حیزبەکەیان لەو ویلایەتە 36 کاندیدی ھەبوو، بەڵام دواتر 11 کاندید مانەوە و ئەو لە ریزبەندی لیستەکەدا حەوتەمین کەسە. ئوجا زۆر گەشبینە بە دەرچوونی و دەڵێت "ھەڵبژاردنم وابەستەی دەنگی گشتی ویلایەتەکەیە. ئەگەر پارتەکەمان لە نیدەرزاکسەن رێژەی 9%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا، ئەوە بە ئاسانی دەردەچم".
پارتی دی لینکە ئێستا 76 کورسی ھەیە لەناو پەرلەمانی بەرلیندا و ئوجا لەوبارەوە گوتی "ویلایەتی نیدەرزاکسن 6 پەرلەمانتاری لە بەرلین ھەیە، راپرسییەکانی دوایی وا پێشاندەدەن کە پارتەکەمان دەنگەکانی زیاد کردووە و ئەگەر خەڵکەکەشمان پشتگیریمان بکات، ئەوە ھەڵبژاردنم ئاسانە".
لە ویلایەتی نۆردراین ڤێستفالن، کە ژمارەیەکی زۆر کوردی تێیدا دەژین، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئێسن، پارتی چەپ لیستی کاندیدەکانی ئاشکراکرد. سیاسەتمەداری کورد ئایتەن کاپلان 43 ساڵ، لە لیستی پارتی چەپدا لە ریزبەندی 11 دایە. ئەو ویلایەتە 11 پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی بەرلیندا ھەیە.
کاپلان، کە ماوەیەکی زۆر لە رێکخراوێکی کوردان بە ناوی YEK-COM کاری کردووە، دەڵێت "خۆکاندیدکردنم پەیوەندی بە زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دی لینکەوە ھەیە لەسەرجەم شارەکانی ئەڵمانیا".
ئایتەن کاپلان جگە لە کارکردن لە YEK-KOM، لە ساڵی 1999 تا 2009 لە بەڕێوەبەرایەتی دەزگای ژنان و دەزگای ھاوکاری مافی ئازادیدا کاری کردووە.
کاپلان ھەوڵدەدات لە ویلایەتەکەی خۆی دەنگی پێویست بھێنێ کە کاندیدی ژمارە 11 یە لە ریزبەندی کاندیدەکانی دی لینکە، لەلایەکی دیکەش ھەوڵدەدات وەکو کاندیدێکی سەربەخۆ لە نزیک شاری موینشن گلادباخ بەشداری بکات.