هەوڵەكانی ئۆباما بۆ رازیكردنی كۆنگرێس دەستیپێكرد

رووداو - سكای نیوز 

ئەمڕۆ هەوڵەكانی باراك ئۆباما دەستپێدەكات بۆ رازیكردنی كۆنگرێس تاوەكو رێگەی پێبدان هێزی سەربازی لە دژی رژێمی سووریا بەكاربهێنێت. هەروەها وەزیرانی دەرەوە ‌و بەرگری لەبەردەم كۆنگرێس ئامادە دەبن بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو پرسە.

ئەمڕۆ باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرلەوەی بچێتە سوید، لەگەڵ لیژنە سەرەكییەكانی كۆنگرێس لە كۆشكی سپی كۆبووەوە، كە هەوڵ دەدات بیانوەكانی خۆی بۆ كۆنگرێس روون بكاتەوە بۆ ئەوەی هێرشی سەربازی بكاتە سەر رژێمی سوریا. 

هەریەكە لە جۆن كیری، وەزیری دەرەوەو جاك هیگل، وەزیری بەرگری و جەنەرال مارتن دمبسی، سەرۆكی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا لە بەردەم لیژنە ١٨ كەسییەكەی ئەنجو‌ومەنی پیران بۆ كاروباری دەرەوە ئامادە دەبن، بۆ بەرگریكردن لەو پرۆژە بڕیارەی بۆ كۆنگرێس بەرزكراوەتەوە، پرۆژەكەش داوا دەكات كۆنگرێس رێگە بدات هێزی سەربازی لە دژی بەشار ئەسەد بەكاربهێنرێت.

ئەو ٣ بەرپرسە كۆنگرێس دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە، هۆشداری دەدەن لە بەكارنەهێنانی هێز لە سووریا و كاردانەوەی لەسەر متمانەی ئەمریكا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و كاریگەرییەكانی لەسەر مەلەفی ئەتۆمی ئێرانی. 

كۆنگرێسی ئەمریكا لە ٩ی ئەم مانگە پشووی هاوینەی كۆتایی دێت و دەست بە كارەكانی دەكاتەوە، چاوەڕوان ناكرێت بەر لەو رێكەوتە بڕیارەكە دەربچێت. بەڵام لەو ماوەیەدا ئەندامەكان دەیانەوێت هەندێك گۆڕانكاری بكەن لەو پرۆژەیەی كۆشكی سپی بەرزی كردووەتەوە‌و تاوەكو دڵنیاببنەوە كە هیچ سەربازێكی ئەمریكی ناچێتە ناو خاكی سووریا.

باراك ئۆباما لە میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە شەممەی رابردوو 31-8-2013 لە كۆشكی سپی بەڕێوەچوو رایگەیاند: "ئێمە ئامادەی هێرشین، بەڵام لەوانەیە ئەم هێرشە بەیانی بێت، هەفتەیەكی دیكە بێت یان مانگێكی دیكە".

ئۆباما ئاماژەی بەوەدا ئەمریكا پێویستە ئەو هێرشە ئەنجامبدات و داواشی لە كۆنگرێس كرد دەنگ لەسەر بڕیارەكە بدەن، "چونكە بەشداری نوێنەرانی هاووڵاتیان زۆر گرنگە".