دیمەنە باڵکێشەکانی ژوو جیاجیاوی چین سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە


رووداو دیجیتاڵ

شاری ژوو جیا جیاوی چین لە هەرێمی شەنگهای، دیمەنێکی جوان و باڵکێشی هەیە و ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن. هەبوونی 36 پرد لەسەر رووبارەکانی شارەکە و دەیان دووکان و چێشتخانە لە هەردوولای رووبار، دیمەنێکی جوانتری بە شارەکە بەخشیوە.
 
کاتێک ئێوارە دادێت، دەیان گەشتیاری نێوخۆیی و دەرەکی روو لە شارەکە دەکەن، لە تەنیشت دووکان و پردە سەرنجڕاکێشەکان، بەشێکیان بە وێنەگرتن یادگاریی تۆمار دەکەن و کاتی خۆش بەسەر دەبەن.
 
گەشتیارێک دەڵێت، "ئێرە شوێنێکی زۆر خۆشە، خەڵک زۆر سەردانی دەکەن، چین وڵاتێکی گەورەیە، بەهۆی دیمەنە جوانەکانی، خەڵک زۆر سەردانی ئێرە دەکەن."
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شوێنەکە، هەبوونی دەیان چێشتخانەیە فرۆشگەیە لە هەردوو لای رووبارەکە. لەگەڵ نزیکی ئێوارە دەبێتەوە، دووکانداران دەست بە دروستکردنی خۆراک دەکەن. گەشتیارێکی بیانی دەڵێت، "دووەمجارە دێمە ئێرە، خواردن و خواردنەوەیان زۆر بەتامە و خەڵکی ئێرەش زۆر باشن."
 
مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ 1700 ساڵ پێش ئێستا، لە چەندین ساڵی رابردوودا بە پیشەسازیی جلوبەرگ و چاندنی برنج بەنێوبانگە و تاوەکو ئێستا تایبەتمەندیی خۆی پاراستووە.