شاری قەدەخەکراو؛ لە دڵی پەکینە و مێژووی 600 ساڵی وڵاتەکە پێشان دەدات


رووداو دیجیتاڵ

شاری قەدەخەکراو لە پەکینی پایتەختی چینە، کە بە تابلۆکەی مێژووی 600 ساڵی چین پێشاندەدات، رۆژانە هەزاران گەشتیار رووی لێدەکەن.
 
لە هەرشوێنێکەوە سەیری کۆشکەکە بکەیت، شارستانییەتی ئیمپراتۆرییەتی چین دەبینیت، پێشتر خانەدان و ئیمپراتۆرییەتەکان هاوشێوەی ئێستا دەستووری تایبەتی خۆیان هەبووە، لەبەر ئەوە پێیان گوتووە شاری قەدەخەکراو. 
 
گەشتیارێک بۆ بینینی کۆشکەکە چووەتە شاری پەکین و دەڵێت، "نزیکەی 45 رۆژە من لێرەم، شوێنێکی مەزنە، لە بیرکردنەوەی مندا شوێنێکی گەورەترە، زۆر دڵخۆشم کە لەنێو کولتوور و مێژووی چیندام." 
 
ئەو شێوە ئەندازیارییە، گەورەترین کۆشکەکانی کۆمەڵگەی کۆشکەکانە لە جیهاندا، 980 کۆشک و ئاڤاهی تێدایە، کە هەشت هەزار و 728 ژوور لەخۆدەگرن، رووبەری کۆشکەکە 720 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، کە شەش ئەوەندە و نیوی هەولێرە. 
 
شاری قەدەخەکراو بە نرخترین کۆشکی جیهانە و نرخەکەی 70 ملیار دۆلارە. شارەکە لە ساڵی 1406 ئاوەدانکراوەتەوە، ئیمپراتۆری چین بڕیاریدا وەکو پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکەی دایبنێ. 
 
بە هەزاران ئەندازیار و نزیکەی ملیۆنێک کرێکار 14 ساڵ کاریان تێدا کردووە، لە ساڵی 1420ـەوە تاوەکو ساڵی 1912، پایتەختی ئیمپراتۆری 24 ئیمپراتۆری چینی بووە. 
 
کەیکوو، گەشتیارێکی بەرازیلییە و دەڵێت، "من دەرچووی مێژووم، چین یەکەم وڵاتە لە ئاسیا سەردانی دەکەم. زۆر دڵخۆشم، بیردەکەمەوە ئەم وڵاتە لە وڵاتەکەی خۆمان مێژووەکەی کۆنترە، کولتووری ئەوان زیاتر جیاوازە." 
 
ئەو شتەی سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، لە حەوشە و سەردیوار و سەربانەکان پەیکەری ئەژدیها و تیمساح دەبینرێت، لای چینییەکان ئەژدیها سمبوولی هێزە، تیمساحیش هێمای دەوڵەمەندی و بەختەوەرییە. رەنگی زەردیش نیشانەی ئیمپراتۆرە کە لە سەربان و حەوشەکان ژیان و کارەکانی ئیمپراتۆر پێشاندەدات. 
 
چەند گەشتیارێک لەو بارەیەوە دەڵێن، "ئەو کۆشکە ماڵی هەردوو کینگ و مینگ بوو، وەکو شاری قەدەخەکراوی دەزانین، رووبەرەکەی 720 هەزار مەتر چوارگۆشەی هەیە، شوێنێکە هەرە پارێزراوی ئیمپراتۆرییەکانی جیهانە، ئەژدیها لە چین واتە هێز، جلەکانی ئیمپراتۆریش هێمای ئەژدیهای پێوەیە، کە بەهێزی پێشاندەدات." 
 
سەربان و بنمیچەکانی کۆشکەکە رۆژانە سەیردەکرێنەوە تاوەکو باڵندەکان لەسەری نەنیشنەوە و پیسایی لەسەر نەکەن.
 
شاری قەدەخەکراو، لە 20٪ گەشتیاری ئەو وڵاتە لەخۆدەگرێت، بۆیە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئەو شارە لە چەندین شەڕ و جەنگدا رزگاری بووە، هەروەها یەکێک لەوانە لە شۆڕشی مۆدێرنیزاسیۆن رزگاری بووە کە بە دامەزراندنی کۆماری میلـلی چین لە 1949 دەستیپێکرد، بۆیە بەشێک لە تاوەرەکانی بۆ مەبەستی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی رووخێندراون.