دوای ئوسترالیا، چەند وڵاتێکی ئەورووپی سۆشیاڵ میدیا لە منداڵان قەدەخە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی ئوسترالیا یاسای قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیای بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ پەسندکرد، ئێستا چەند وڵاتێکی ئەورووپا وەک ئیسپانیا، پۆرتوگال، فەرەنسا و دانیمارک هەنگاوی هاوشێوە دەنێن بۆ پاراستنی منداڵان لەو ژینگەیەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە "جەنگەڵی دیجیتاڵی" ناوی دەبات.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، حکومەتەکەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان ناچار دەکات سیستمێکی کارای "دڵنیابوونەوە لە تەمەن" بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی رێگری لە مێرمنداڵان بکەن بچنە ناو ئەو ئەپڵیکەیشنانە. سانچێز دەڵێت: "ئەمڕۆ منداڵەکانمان لەناو فەزایەکدا دەژین هەرگیز بۆ ئەوە دروست نەکراوە بە تەنیا تێیدا بن، ئێمە دەیانپارێزین."
 
ملیۆنێک ئەکاوەنت داخران
 
لە ئوسترالیا کە یاساکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، کۆمپانیا گەورەکان دەستیان بە رێکارەکان کردووە. 
کۆمپانیای مێتا (خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام) رایگەیاندووە، زیاتر لە 544 هەزار ئەکاوەنتی لە ئوسترالیا داخستووە کە گومانیان لێدەکرێت بەکارهێنەرەکانیان مێرمنداڵان بن، هەروەها سناپچاتیش 415 هەزار ئەکاوەنتی هاوشێوەی سنووردار کردووە.
 
کۆمپانیاکان ناڕازین
 
کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا پێیان وایە ئەم جۆرە یاسایانە "خەیاڵین" و جێبەجێکردنیان مەحاڵە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن قەدەخەکردن وادەکات مێرمنداڵان پەنا بۆ ئەپڵیکەیشنە کەمتر پارێزراوەکان و گرووپە داخراوەکانی وەک واتسئاپ ببەن، کە چاودێریکردنیان قورسترە.
 
لە کاتێکدا زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە "پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوە" باشترە لە "قەدەخەکردن"، بەڵام وادیارە شەپۆلی یاساکانی قەدەخەکردن لە وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و لە مانگەکانی داهاتوودا وڵاتی زیاتر دەچنە ناو ئەم بازنەیەوە.