یۆنان پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگی دەنێرێتە قوبرس


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی یۆنان دەستی بە ناردنی پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگیی وڵاتەکەی و چەندین فڕۆکەی جەنگیی F-16 بۆ قوبرس کرد، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئەو دوورگەیە لە بەرامبەر هێرشی درۆنەکانی ئێران.
 
نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کەشتیی جەنگیی جۆری کیمۆن ئێف 601 کە پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگیی یۆنانە، دەنێرنە قوبرس. ئەم کەشتییە توانایەکی بەرچاوی لە بەرگریی ئاسمانیی مەودا دووردا هەیە و راداری سیفایەر و مووشەکی ئەستێری لەسەرە.
 
جگە لەو کەشتییە، یۆنان کەشتییەکی دیکەی جۆری هایدرۆ کلاس میکۆ کە سیستمی دژە درۆنی لەسەرە، لەگەڵ دوو فڕۆکەی جەنگی رەوانەی قوبرس دەکات.
 
ئەم بڕیارەی یۆنان دوای ئەوە هات کە درۆنەکانی ئێران بنکە سەربازییەکانی بەریتانیایان لە قوبرس کردە ئامانج، ئەوەش گرژییەکانی لە نێو دوورگەکەدا گەیاندە لوتکە.
 
لە ئەنجامی ئەو هێرشانە و وەک رێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، فڕۆکەخانەی "پافۆس" چۆڵکراوە، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیاش بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکانیان کردووە.