ترەمپ گۆڕانکاریی زیاتر لە کابینەکەی دەکات؛ چەند وەزیرێک لە لێواری لاداندان

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای دوورخستنەوەی دوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ئیدارەکەی، تاوتوێی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی زیاتر دەکات. ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی گۆڕینی ستافی کۆشکی سپی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا.
 
گابارد لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە
 
بە گوێرەی واشنتن پۆست، دوای لادانی پام بۆندی، وەزیری دادی ئەمریکا لە رۆژی پێنجشەممە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە نۆرەی تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی دێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ترەمپ "متمانەی تەواوی" بە گابارد هەیە و هەر دەنگۆیەکی دیکە بە "هەواڵی ناڕاست" دادەنێت. 
 
گابارد کە پێشتر رەخنەی لە تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا گرتبوو، تاوەکو ئێستا لە پۆستەکەیدا "پارێزراوە".
 
لەلایەکی دیکەوە، لۆری چاڤیز-دیریمەر، وەزیری کار و هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی لەژێر وردبینیی تووندی ترەمپدان بۆ ئەگەری لادانیان.
 
وەزیری کار رووبەڕووی تۆمەتی "رەفتاری نەشیاو" لە نێو نووسینگەکەی بووەتەوە، هاوکات وەزیری بازرگانیش بەهۆی "بڕیاردانی تاکلایەنە" و بێ وەرگرتنی مۆڵەت، متمانەی ترەمپی لەدەستداوە.
 
جێگرەوەی وەزیری داد
 
سەبارەت بە پۆستی وەزیری داد، دۆناڵد ترەمپ تۆد بلانش، جێگری وەزیری دادی راسپاردووە تاوەکو بە وەکالەت کارەکان بەڕێوەببات. 
 
سەرچاوەکان دەڵێن زۆر ئەگەر هەیە بلانش بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. هەرچەندە ناوی کەسایەتیی وەک لی زێڵدین و هارمیت دیلۆن-یش دەهێنرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بلانش بژاردەی دڵخوازی ترەمپە.
 
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، دەیڤس ئینگڵ، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ گوتی، ترەمپ خاوەنی "بەهرەمەندترین کابینەیە لە مێژووی ئەمریکادا" و ئەو وەزیرانەی ناویان هاتووە وەک "نیشتمانپەروەر" و جێگەی متمانەی سەرۆک وەسف کرد.