ژنێک راستییەکانی بە دۆناڵد ترەمپ گوت
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە گرنگترین ساتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە گۆڕەپانی جەنگ دا رووینەدا، بەڵکو لە پشت دەرگا داخراوەکانی نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپی دا روویدا. لەوێ هیچ مووشەکێک، هیچ هێرشێکی درۆنی یان راگەیێندراوێکی سەربازی لە ئارادا نەبوو، بەڵام رووداوێک بوو کە رەنگە رێڕۆی جەنگی گۆڕیبێت.
سووزی وایەڵز، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی یە، ئەو یەکێکە لە متمانەپێکراوترین کەسەکانی دۆناڵد ترەمپ و، یەکەم ژنە لە مێژوودا ئەو پۆستەی وەرگرتبێت. سووزی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ گەورە راوێژکارانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دا کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا، وایەڵز ئەو پەیامەی بە سەرۆک گەیاند کە کەم کەس لە دەوروبەری ئامادەبوون پێ بڵێن: شەڕەکە لە بوارە هەرە هەستیارەکاندا رووبەڕووی شکست دەبێتەوە.
ئەو شکستانەی وایەڵز باسیکردن لە بەرەکانی جەنگ دا نەبوون، بەڵکو لە راپرسییەکان، باری ئابووریی هاووڵاتیانی ئاسایی ئەمریکا دا بوون. ئەو راستیانە لە کۆبوونەوەکان و کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان دا بۆ دۆناڵد ترەمپ و خەڵک باس نەدەکران.
وایەڵز، راستەوخۆ بە هاوکارانی راگەیاند کە پێویستە "بە شێوەیەکی راشکاوانەتر لەگەڵ سەرۆک دا بدوێن". داوایکرد واز لە گەیاندنی ئەو قسانە بێنن کە دۆناڵد ترەمپ حەز دەکات بیانبیستێت، لەجیاتی ئەوە ئەو راستی و زانیارییانەی پێبڵێن کە پێویستە ئاگاداریان بێت.
بەگوێرەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە بۆ میدیای ئەمریکی قسەی کردووە، دەڵێت: ''وایەڵز نیگەران بووە لەوەی کە راوێژکارەکان وێنەیەکی جوانیان لەسەر تێڕوانین بۆ شەڕەکە لەنێوخۆدا بە سەرۆک داوە و ئەوەیان پێگوتووە کە دەیەوێت بیبیستێت، نەک ئەوەی کە پێویستە بیبیستێت."
بەرپرسێکی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێو کۆشکی سپی دەڵێت وایەڵز هاوکارەکانی لە ئیدارەی ترەمپ هاندا راستگۆتربن لەگەڵ ترەمپ، بەتایبەتی سەبارەت بە مەترسییە سیاسی و ئابوورییەکان.
"شازادەی سەهۆڵ" لە ناوەندی گێژاوەکەدا
بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم هەنگاوە، پێویستە بزانرێت سووزی وایەڵز کێ یە.
سووزی وایەڵز، کەسایەتییەکی ناسراوی سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکانی ئەمریکا نییە، کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ناکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چالاک نییە.
کاتێک ئاڵۆزییەکان هەڕەشە لە ئارامی نێو کۆشکی سپی دەکەن، ئەو بە هێمنی دەرگاکان دادەخات و کارەکان بەڕێوەدەبات.
دۆناڵد ترەمپ، بەهۆی کەسایەتییە بەهێزەکەیەوە نازناوی "شازادەی سەهۆڵ"ی لێناوە. وایەڵز هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپی لە ساڵی 2024ی بەڕێوەبرد و، بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەکو یەکێک لە متمانەپێکراوترین ستراتیژیستە سیاسییەکانی ئەو کاری کردووە. ئێستاش یەکێک لە بەهێزترین نووسینگەکانی جیهان بەڕێوەدەبات، لەگەڵ ئەوەش دا خەریکی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەی مەمکە. هەموو ئەو کارانە دەکات، بەبێ ئەوەی ساتێک لە کارکردن سارد بووبێتەوە.
ئەو ئارامییەی وایەڵز هۆکاری سەرەکیی گرنگیی دەستوەردانەکەیەتی لەنێو ئۆفیسی سەرۆکی ئەمریکادا، چونکە ئەو بە ئاسانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێنادات.
کورتە ڤیدیۆکانی بەیانییان
دۆناڵد ترەمپ رۆژانی سەرەتای جەنگی بە بینینی کورتە ڤیدیۆی سەربازی دەستپێدەکرد کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە ئامادە دەکران. ئەو گرتە ڤیدیۆیانە، کە بە وردی هەڵبژێردرابوون، سەرکەوتنەکانی جەنگ، هێرشە وردەکانیان پێشاندەدا، کە وێنەیەکی دەستکاریکراو و مۆنتاژکراوی جەنگەکەیان دەخستەڕوو، نەک هەموو جەنگەکە و لێکەوتەکانی.
بەڵام وێنەکە لە دەرەوەی کۆشکی سپی تەواو جیاواز بوو. نرخی بەنزین 4 دۆلاری بۆ هەر گاڵۆنێک تێپەڕاند و بازاڕەکانیش رووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو بوونەتەوە. راپرسییەکانیش ئاماژە بە دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە دەکەن کە جەنگەکە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی رێژەی رەزامەندی ئەمریکییەکان لە سەرۆکەکەیان.
لەوکاتەدا، تیمی دەوروبەری ترەمپ بەردەوامبوون لە دڵنیاکردنەوەی ترەمپ و دوورخستنەوەی لە زانیاری و ئامارە نەرێنییەکان. ئەوان شێوەیەکی دەستکاریکراوی دۆخەکەیان پێشکێشی دۆناڵد ترەمپ دەکرد کە قبووڵکردنی ئاسان بوو.
سووزی راستییە ناخۆشەکانی بە سەرۆک گوت
کاتێک سەرۆکێک بڕیارە چارەنووسسازەکانی ژیان و مردن لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵبژێردراو دەدات، ئەمە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو میکانیزمێکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی جەنگەکان لە کۆنترۆڵ دەربچن. سووزی وایەڵز لەم هاوکێشەیە تێگەیشتبوو. ئەو بۆ ماوەی چەندین هەفتە چاودێریی دروستبوونی ئەو دۆخەی دەکرد: کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان، دوودڵی لە گەیاندنی هەواڵی ناخۆش و، هەوڵەکان بۆ ئەوەی تەنیا ئەو زانیارییانە بگەیێندرێنە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، کە بەیانییەکی ئارامی بۆ دروست بکەن.
لەبەر ئەو هۆکارانە وایەڵز هات و دەستتێوەردانی کرد. هانی هاوکارەکانیشی دا کە راستگۆبن لەگەڵ سەرۆکەکەیان، پاشان خۆی راستەوخۆ بە زانیاری و راستییەکانەوە رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ بووەوە.
کاریگەریی راستگۆیی وایەڵز لەگەڵ ترەمپ دەستبەجێ دەرکەوت. ئاوازی گوتاری گشتیی دۆناڵد ترەمپ گۆڕا. گوتارەکەی لە 1ی نیسان، سەرەڕای بەکارهێنانی زمانێکی تووند، لە نێوەڕۆکدا ئاراستەیەکی بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگەکە هەڵگرتبوو، نەک فراوانکردنی.
جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس ئێستا بە شێوەیەکی چالاکانە کار لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست دەکات. ئەو ماوەیەی کە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسان باسی دەکەن کە بریتییە لە دوو بۆ سێ هەفتە، تەنیا بۆچوونێکی سەرپێیی نییە، بەڵکو خشتەیەکی ستراتیژییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
گرنگیی ئەم بابەتە لە چیدایە؟
مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو راوێژکارانەی تەنیا ئەوەیان بە سەرۆکەکانیان گوتووە کە سەرۆک ویستوویەتی بیانبیستێت، ئەوەش سەرئەنجام کارەساتی گەورەیان لێکەوتووەتەوە؛ جەنگەکان زیاتر لە پێویست درێژەیان کێشاوە، ئابوورییەکان بە بێدەنگی داڕماون، لەکاتێکدا کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان وێنەیەکی گەشبینانەیان پێشانداوە. لەو ساتە چارەنووسسازانەدا کە رەنگە یەک دەنگی راستگۆ لە ژوورەکەدا بتوانێت رەوتی رووداوەکان بگۆڕێت، ئەو دەنگە نەبیستراوە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
بەڵام سووزی وایەڵز، رێگەیەکی جیاوازی هەڵبژارد. لە شارێکدا کە سیاسەت خەریک بوو لەسەر بنەمای ماستاوکردن و شاردنەوەی راستییەکان بەڕێوەدەچێت، ئەو چووە نێو گرنگترین ژووری جیهان و راستییەکانی خستەڕوو.
وایەڵز، مووشەکێکی نەتەقاند و کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی نەکرد. ئەو تەنیا ئەو کارەی کرد کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە سیاسەتڤانان ئامادەن بیکەن: تەنیا راستییەکانی بە دۆناڵد ترەمپ گوت، کە رەنگە ئەمە کاریگەرترین هەنگاوی تاکەکەسی بووبێت لەم جەنگەدا.