سێنتکۆم: کەشتییە جەنگییەکانمان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕین


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەک-ئاراستەکراوەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی، دوای تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداوی عەرەبیدا دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم، ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ئازادی"ـدایە و ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ گەڕاندنەوەی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا دەدرێن.
 
سێنتکۆم دەڵێ، وەک هەنگاوی یەکەم، دوو کەشتیی بازرگانی کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەر بووە، بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمز پەڕیونەتەوە و بە سەلامەتی بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێ کەوتوون.
 
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو رایگەیاند، بەیانیی رۆژی دووشەممە ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) بۆ رزگارکردن و رێنماییکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێدەکات کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە؛ هۆشداری ئەوەشی دا کە هەر دەستوەردانێک لەم پرۆسەیەدا بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، زۆربەی وڵاتانی جیهان کە پەیوەندییان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نییە، داوای هاوکارییان لە واشنتن کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییەکانیان. ترەمپ گوتی: "ئەو کەشتییانە بێلایەن و بێتاوانن و تەنیا بوونەتە قوربانیی دۆخەکە."
 
ترەمپ گوتیشی: "نوێنەرەکانم لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کەشتییەکان و کارمەندەکانیان بە سەلامەتی بهێنینە دەرەوە، چونکە زۆربەی ئەو کەشتییانە خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانیان بەرەو تەواوبوون دەچێت و ئەوەش مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی کارمەندەکانیان."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئێستا نزیکەی 2 هەزار کەشتی لە سنوورە ئاوییەکانی تەنگەی هورمز گیریان خواردووە.