سەلوان مۆمیکا داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی سوێد دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە سوێد قورئانی پیرۆزی سوتاند، رەخنەی تووند لە وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەگرێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان لێدەکات و دەڵێت: "پێشێلکاریی دەستوور و یاسا و دادگەکانی سوێدیان کردووە."
 
شەوی رابردوو، 3-7-2023، سەلوان مۆمیکا، نوێترین گرتەی ڤیدیۆیی خۆی لە ژوورێک بڵاوکردەوە، تێیدا هێرشدەکاتە سەر ژمارەیەک لایەنی فەرمی و حیزبیی سوێد و رەخنە لە هەڵوێستەکانیان دەگرێت.
 
سەلوان مۆمیکا لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هێرشدەکاتە سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە بە تووندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی کردبوو و  دەڵێت: "بەداخەوە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سوێد شەرمەزارکەرە و ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، ئەوا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی وەزارەتەکە بە روون و راشکاوی یاسای پێشێلکردووە و رێزی لە یاسا و دادگە و دەستووری سوێدی نەگرتووە بە سەرکۆنەکردنی سووتاندنی قورئان."
 
مۆمیکا داوا لە پارتی دیموکراتەکانی سوێد و سەرۆکی لیژنەی داد لە پەرلەمانی سوێد دەکات، سەرکۆنەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە بکەن. داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەکەن دەست لەکاربکێشنەوە "چونکە راگەیێندراوەکەی پێشێلکاریی روون و راشکاوی دەستوور و یاسا و دادگەکە و رێزنەگرتنە لەوانە، چونکە سووتاندنی قورئان بە رەزامەندی دادگە و پۆلیسی سوێد بووە."
 
سەلوان مۆمێکا دەڵێت: "داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزارەتی دەرەوە دەکەم و کەسانی دیکە بهێنرێت بۆ ئەو شوێنە بەشێوەیەک رژدبن لەسەر دیموکراسیەت و یاساکانی سوێد و رێز لە دەستووری سوێد بگرن و داوا دەکەم ئەم پەیامەم بگوێزنەوە بۆ ئەوەی بگاتە حکومەتی سوێد." 
 
رۆژی یەکشەممە، 2ی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی سوێد بەیاننامەیەکی لەسەر رووداوی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە 28ی مانگی رابردوو، لە وڵاتەکەیان، بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی سوێد بە تەواوەتی تێگەیشتووە کە ئەو کردەوەیە، کردەوەیەکی ئیسلامۆفۆبیایە کە لەلایەن کەسانێکەوە لە خۆپێشاندانێکدا لە سوێد کرا، ئەمەش بێڕێزییە بە موسڵمانان. بۆیە ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین، کە بەهیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی بۆچوونی حکومەتی سوێد نییە."
 
رۆژی 28ی ئەم مانگە کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی لایەنی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جەماوەریش بەدوادا هات. عێراق داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرەی لە سوێد کردووە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.