100 كەس لە ئەڵمانیاوە چوونەتە شەڕی داعش هاوشانی كورد

رووداو – ئەڵمانیا

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا ، زیاتر لە 100 كەس لە ئەڵمانیاوە چوونەتە سووریا و عێراق بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش ، هاوشانی كورد .

هانز جۆرج ماسێن ، سەرۆكی دەزگای فیدرالیی هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانی ( فەرفاسونگسشۆتسا BVF ) لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری فووكووسی ئەڵمانیدا رایگەیاند، كە زۆربەی ئەو كەسانە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان PKKەوە هاندراون و گوتی " ناوی 20 كەس لەلای ئێمە هەن كە بەخۆیان داوایان لە دەزگاكانی نزیكی PKK كردووە بچنە شەڕی داعش ".


بەپێی زانیارییەكانی ئەو گۆڤارە ، 3000 پاسپۆرتی فەرمیی بەتاڵ لە سووریا كەوتوونەتە دەست داعش ، كە داعش بەو پاسپۆرتانە دەتوانێت ئەندامەكانی بنێرێتە هەموو شوێنەكانی جیهان .

هەروەها بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا و فەرەنسا، لەوانەیە دوو یان سێ لە ئەنجامدەرانی هێرشەكانی مانگی رابردووی پاریس لەنێو كاروانی كۆچبەراندا لە رێگەی توركیا – یۆنانەوە گەیشتبنە ئەوروپا .

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەو سێ كەسە لە رۆژی 3/10/2015 دا لەگەڵ 198 كۆچبەردا لە توركیاوە چوونەتە یۆنان و لە دوورگەی لۆرس Lerosی یۆنان تۆماركراون ، لەو 198 كۆچبەرە تائێستا 30 كەس گەیشتوونەتە ئەڵمانیا .

هانز جۆرج ماسێن، سەرۆكی دەزگای فیدرالیی هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا