سەردانی وەزیرێکی حکومەتی ئیسرائیل بۆ مزگەوتی ئەقسا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئیتەمار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دوای سەردانەکەی بۆ مزگەوتی ئەقسا گوتی، "حکومەتی ئیسرائیل خۆی بە دەستی رێکخراوی بکوژان و تیرۆریستانەوە نادات. موسڵمان و کریستیانەکان دێنە ئێرە و دەبێت جووەکانیش بێن." سەردانی وەزیرەکەی ئیسرائیل کاردانەوەی بەرپرسانی فەلەستینی بەدوادا هات. 
 
محەممەد شتایە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین دەڵێت، "داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین کە چوونەتە بەردەم دەروازەی مزگەوتەکە، رێگری لەو پێشێلکارییە بکەن کە ئامانج لێی گۆڕینی مزگەوتی ئەقسایە بۆ پەرستگەیەکی جووەکان."
 
لای موسڵمانەکان مزگەوتی ئەقسا پیرۆزییەکی زۆری هەیە، بەڵام جووەکانیش پێیانوایە پێشتر پەرستگەی ئەوان بووە. بەشێک لە نەیارەکانی فەلەستینیش لەبارەی سەردانی ئەو وەزیرە بۆ مزگەوتی ئەقسا، بۆچوونی خۆیان دەربڕی.
 
حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵا دەڵێت، "بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و سپۆنسەرەکانی ئیسرائیل: ئەگەر لەم ناوچەیەدا جەنگێکی دیکەی وەکو ئەوەی نێوان رووسیا و ئۆکرایناتان ناوێت، پێویستە لەسەرتان ئەو پەڕگیرە شێتانە رابگرن."
 
ئەنجوومەنی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 15ی ئاداری 1947 بڕیاریدا بەشی رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستین و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسرێت. ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی بایدن-دا لەبارەی سەردانەکەوە نیگەرانە و دەڵێت، پێویستە رێز لە بڕیارە مێژووییەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بگیرێت.
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمریکا بە تووندی لەگەڵ پاراستنی ئەو دۆخە مێژووییەین کە رێز لە شوێنە پیرۆزەکانی ئۆرشەلیم دەگرێت. لە دژی هەر کردارێکی تاکلایەنەین کە ئەو راستییە مێژووییە بشێوێنێت. ئەوە جێگەی قبووڵکردن نییە."
 
دواجار کە گرژی لەسەر بابەتی مزگەوتی ئەقسا دروستبوو لە ساڵی 2021دا بوو کە سەری کێشا بۆ پێکدادانی سەربازیی نێوان سوپای ئیسرائیل لەلایەک و حەماس و جووڵانەوەی جیهادی ئیسلامی فەليستین لەلایەکی دیکە. جەنگەکە 11 رۆژی خایاند و هەردوولا بۆردوومان و تۆپبارانی چڕی یەکدییان کرد کە بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، 260 فەلەستینی و 243 ئیسرائیلی کوژران.