وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ داوایەکی زێلێنسکی رەتدەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

رووسیا هێرشەکانی بۆسەر شارەکانی ئۆکراینا چڕ کردووەتەوە و بەچڕی ناوەندی چەند شارێکی ئەو وڵاتەی بۆردوومانکرد. ئۆکرایناش رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج. وڵاتانی ئەندام لە ناتۆش داوایەکی زێلێنسکی لەبارەی ناوچەی دژەفڕین رەتدەکەنەوە.
 
دوای بۆردوومانی فڕۆکەکانی رووسیا بۆ سەر شاری چیرنیهیڤ لە باکووری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا. ناوچەکە بەشی زۆری خاپووربووە، دیمەنەکان بیرەوەری وێرانکارییەکانی جەنگی جیهانی دووەم بیر دەهێنێتەوە، بەرپرسانی ئۆکراینی بڵاویان کردەوە، لەو هێرشەدا 33 کەس کوژران.
 
مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە ناوچەی سڤیل بکاتە ئامانج، بەڵام کەوتنەخوارەوەی چەند موشەکێکی بالیستی رووسی لە شاری ئیرپین لە سنووری ئۆبلاستی کیێڤ شتێکی دیکە دەڵێن.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە بە ئاشکرا خەمی شەڕی 9 رۆژە بە رووخسارییەوە دیارە، وڵاتانی ناتۆ بەوە تۆمەتبار دەکات کە وەکو پێویست هاوکارییان ناکەن. مەبەستی زێلێنسکی راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕینە بۆ ئۆکراینا.
 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "هەموو ئەو خەڵکانەی کە لەمڕۆ بەدواوە دەمرن، بەهۆی ئێوەوە دەمرن. لەبەر لاوازی ئێوە دەمرن. لەبەر لاوازی یەکڕیزیتان دەمرن."
 
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ داوای زێلێنسکی بۆ راگەیاندنی ناوچەی دژە فرین بۆ ئۆکراینا رەتدەکەنەوە.  
 
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "تەنیا رێگەیەک بۆ ئەوەی بەڕاستی شتێکی وەکو ناوچەی دژەفڕین جێبەجێبکەین، دەبێت فڕۆکە بنێرینە ئاسمانی ئۆکراینا و فڕۆکەکانی رووسیا بخەینە خوارەوە. ئەمەش جەنگێکی کراوە لە ئەوروپا هەڵدەگیرسێنێت."
 
هۆشدارییەکەی ڤیلادیمیر پووتین لە دژی راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ ئۆکراینا، سەرۆکی ئۆکراینا زیاتر بێهیوا دەکات.
 
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد، "ئێستا باس لەوە دەکرێت کە دەبێت ناوچەی دژەفڕین لە ئۆکراینا رابگەیێندرێت، ئەستەمە ئەمە بۆ ئۆکراینا بکرێت. ئەمە تەنیا لە ئاسمانی هەندێ وڵاتی دراوسێ دەکرێت، بەڵام هەر هەنگاوێک بەم ئاڕاستەیە وەکو بەشداری ئەو وڵاتە لەم شەڕ و پێکدادانە لێکدەدرێتەوە."
 
رووسیا بەشێوەی بازنەیی هێرشەکانی بەرەو رۆژهەڵات و پاشان باشووری وڵات لەسەر هەردوو دەریای ئازۆڤ و رەش دەستپێکردووە و ئێستا لە بەرەی باشوور و رۆژهەڵات پێشڕەوی کردووە.
 
رووسیا تەنیا ئاماری یەک هەفتەی زیانە گیانییەکانی شەڕی راگەیاندووە، دەڵێت 498 سەربازیان کوژراون، دوو هەزار و 870 سەربازی ئۆکراینیش کوژراون. حکومەتی ئۆکرایناش لەکاتێکدا زیانە گیانییەکانی نێو سوپاکەی بڵاونەکردووەتەوە، دەڵێت نزیکەی 10 هەزار سەربازی رووسییان کوشتوون.