سێ راپرسی نێوخۆی ئەمریکا: زۆربەی ئەمریکییەکان دژی هێرشن بۆ سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی شەممەی رابردووەوە 28-2-2026، ئەنجامی سێ راپرسیی نوێ دەریدەخەن زۆربەی خەڵکی ئەمریکا لەگەڵ ئەو کردە سەربازییانەدا نین و نایانەوێت وڵاتەکەیان بکەوێتە نێو شەڕەکەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکی کەناڵی (CNN) کە راستەوخۆ دوای هێرشەکان کردوویەتی، نزیکەی ٪60ـی ئەمریکییەکان ناڕەزایەتییان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕیوە، هەروەها هەردوو راپرسیی ئاژانسی رۆیتەرز/ئیپسۆس، واشنتن پۆست هەمان ئەنجامییان هەبووە و دەریدەخەن شەقامی ئەمریکی پشتیوانی لەو جەنگە ناکات.
دابەشبوونی لایەنگرانی پارتەکان
راپرسییەکان ئاماژە بە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان لایەنگرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات دەکەن، بەپێی ئەو راپرسییانە کۆمارییەکان بەگشتی پشتیوانی هێرشەکان دەکەن، هەرچەندە زۆرینەیان جەخت لەوە دەکەنەوە دەبێت ئەمریکا لە جەنگە دەرەکییەکان بکشێتەوە، پێچەوانەی کۆمارییەکان، دیموکراتەکان بۆچوونیان جیاوازە، نزیکەی نیوەیان دژی هێرشەکەن .
تێڕوانین بۆ سیاسەتی ترەمپ
لە راپرسییەکەی رۆیتەرز/ئیپسۆسدا، ٪56ـی بەشداربووان پێیانوایە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ "زۆر بە پەرۆشە" بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەردا ٪35 خەڵک پێیانوایە مامەڵەکردنی لەو بارەیەوە گونجاوە و تەنیا ٪5ـی خەڵک دەڵێن ترەمپ وەکو پێویست هێزی بەکارنەهێناوە.
بە روانین لەو جەنگانەی پێشتر ئەمریکا کردوویەتیی لە ناوچە جیاوازەکان، هەمیشە لە سەرەتای جەنگەکاندا پشتیوانییەکی کاتی هەیە، بەڵام دواتر کاڵ دەبێتەوە، بۆ نموونە زۆربەی ئەمریکییەکان لە سەرەتادا پشتیوانی جەنگی عێراقیان کرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، رێژەی پشتیوانییەکە بۆ ٪30 دابەزی.
سەرەڕای ئەو راپرسییانە بەڵام هێشتا تێڕوانینی گشتی ئەمریکییەکان بۆ ئەو جەنگە روون نییە، لە راپرسییەکەی CNN دا نزیکەی ٪29ـی ئەمریکییەکان گوتوویانە بایەخێکی ئەوتۆ بەو شەڕە نادەن."
ئەمە لەکاتێکدایە کۆشکی سپی و بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هێرشەکان بۆ لاوازکردنی توانای مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە، بەڵام کاردانەوە نێوخۆییەکانی ئەمریکا دەری دەخەن ئیدارەی ترەمپ لەبەردەم گوشارێکی گەورەدایە، بەڵام هەوڵێکی کۆنگرێس بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی لەو شەڕەدا شکستی هێنا و ترەمپ دەستی کراوەیە لە هێرشکردنە سەر ئێران.