ژیان و مەرگ لەنێو کەشتییە گیراوەکانی تەنگەی هورمز


رووداو دیجیتاڵ

لە 19ەیەمین رۆژی گیرخواردنی کەشتی گوێزەرەوەی نەوتی (ASP Avana) لە ئاوەکانی کەنداو، راکێش رانجان سینگ، کاپتنی تەمەن 47 ساڵی کەشتییەکە، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا. ئەمە تەنیا چیرۆکێکی خەمناکی ئەو جەنگەیە کە زیاتر لە مانگێکە هەزاران هاووڵاتی لەنێو کەشتییەکانیاندا بە دیل گرتووە.
 
زیندانێک بۆ دوو هەزار کەشتی
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO)، ئێستا نزیکەی 2,000 کەشتی لە کەنداو گیریان خواردووە و زیاتر لە 20,000 کەس لەو کەشتییانەدان.
 
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە کەمتر لە 200 کەشتی توانیویانە لە تەنگەی هورمز تێپەڕن، ئەوە لە کاتێکدایە لە دۆخی ئاساییدا 20٪ـی نەوتی جیهان لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە.
 
تەکنیکەکانی مانەوە لە ژیان؛ بەکارهێنانی ئاوی سپلیت و راوەماسی
 
لە زۆربەی کەشتییەکاندا ئاوی خواردنەوە، خواردن و سەوزە بەرەو نەمان دەچن. دەریاوانە چینییەکان ڤیدیۆی خۆیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاوی چڕبووەوەی ئامێرەکانی فێنککەرەوە (سپلیت) کۆدەکەنەوە بۆ خۆشۆردن و شتنی جلەکانیان. هەندێکی دیکەش پەنایان بردوەتە بەر راوەماسی بۆ ئەوەی بژین.
 
دابینکردنی پێداویستییەکان نەک تەنیا سەخت، بەڵکو یەکجار گران بووە. بەگوێرەی ئەو نرخەی دەست رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کەوتووە، ئێستا نرخی یەک کیلۆ مۆز 31 دۆلار و یەک کیلۆ پرتەقاڵیش بە 15 دۆلار دەفرۆشرێ.
 
مەترسییەکان راستەقینەن
 
دەریاوانەکان دەڵێن، مەترسییەکان جدین. لە 2ی ئاداردا، کەشتی گوێزەرەوەی نەوتی (MKD Vyom) کە 60 هەزار تۆن بەنزینی هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی مەسقەت بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراو پێکرا. لە تۆمارێکی دەنگیدا، کاپتنی کەشتییەکە بە هێزی دەریایی عومانی راگەیاند: "هێرشی مووشەکی بووە هۆی تەقینەوە لە ژووری بزوێنەرەکە." لەو هێرشەدا دەریاوانێکی گەنج کوژرا .
 
دەریاوانێکی چینی تەمەن 32 ساڵ کە کەشتییەکەی گازی سرووشتیی شلکراوەی هەڵگرتووە، دەڵێت سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوام هۆشدارییان پێ دەدەن کە هەوڵ نەدەن بە رێرەوە ئاوییەکەدا تێپەڕن. 
 
ئەو هاووڵاتییە بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوت، تیمی کەشتییەکە رازی نین تێپەڕن، ئەگەر ئەمریکا دوورگە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ نەکات یان ئێران بە فەرمی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی ئاسایی رانەگەیێنێت.
 
دەریاوانێکیش چیرۆکی تێپەڕینی کەشتییەکەی دەگێڕێتەوە کە کاڵای ئێرانی بۆ چین هەڵگرتبوو و دەڵێت بۆ تێپەڕبوون، ناچار بوون پەیوەندی بە بریکارەکانی ئێرانەوە بکەن و "کۆدی سەلامەتی" وەربگرن، دواتر چوونەتە نزیک دوورگەی "لاراک" و کۆدەکەیان رادەستی سوپای پاسداران کردووە و رێگەیان پێدراوە تێپەڕ بن.
 
بازرگانی بە خوێن؛ مووچەی خەیاڵی لە بەرەی جەنگدا
 
بەهۆی مەترسییەکانەوە، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی مووچەیەکی زۆر پێشکێشی ئەو دەریاوانانە دەکات کە ئامادەن بچنە ناوچەی جەنگ. لە هەندێک دۆخدا مووچەکە کراوەتە دوو هێندە. بۆ نموونە، کاپتنێکی کەشتی دەتوانێت مانگانە زیاتر لە 26 هەزار دۆلار وەربگرێ بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز. 
 
محەممەد ئەرەچیدی، بەرپرس لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کرێکارانی گواستنەوە، دەڵێت: "ئێمە تێناگەین چۆن هەندێک لە خاوەن کەشتییەکان هێشتا دەریاوانەکان دەخەنە ئەم مەترسییە. دەریاوانەکان نایانەوێت ببنە پاڵەوان، تەنیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەوە."