وردەکاریی رزگارکردنی ئەفسەرە ئەمریکییەکە لە قوڵایی خاکی ئێراندا


رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی کە فڕۆکە جەنگییەکەی لە ئێران خرابووە خوارەوە، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە لە ئۆپەراسیۆنێکی پڕمەترسیی شەوی شەممەدا رزگارکرا، کە تێیدا کۆماندۆکان چوونە قووڵایی خاکی ئێرانەوە.
 
پرۆسەی رزگارکردنی ئەو ئەفسەرە، کە پلەکەی عەقیدە و وەک "ئەفسەری سیستەمی چەک" لە فڕۆکەی جەنگیی F-15E کاردەکات، دوای کێبڕکێیەکی تووندی 48 کاژێریی نێوان هێزە ئەمریکییەکان و هێزە ئێرانییەکان هات بۆ گەیشتن بە شوێنی کەوتنی فڕۆکەکە.
 
بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن یەکەی بژاردەی "تیمی شەش"ی کۆماندۆکانی دەریایی (Navy SEAL Team 6) جێبەجێ کراوە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا سەتان سەربازی هێزە تایبەتەکان، دەیان فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئاسمانی و ئەلیکترۆنی بەشداربوون.
 
ئەو ئەفسەرە کە بریندار بوو، بۆ دوو رۆژ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئێراندا خۆی حەشار دابوو، تەنیا دەمانچەیەکی پێبووە بۆ بەرگری. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەفسەرەکە بۆ ئەوەی شوێنەکەی لەلایەن رادارەکانی ئێرانەوە ئاشکرا نەبێت، بە وریاییەکی زۆرەوە ئامێری پەیوەندی و ئاماژەدانەکەی بەکارهێناوە.
 
پێش دەستپێکردنی هێرشی کۆماندۆکان، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) هەڵمەتێکی "سەرلێتێکدان"ی دەستپێکردووە، بە جۆرێک زانیاریی هەڵەی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەفسەرەکە رزگارکراوە و بەرەو سنوور دەڕوات، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرنجی هێزە ئێرانییەکان لە شوێنە راستەقینەکە دوور بخاتەوە.
 
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین کاروانی سەربازیی ئێرانییان بۆردومان کردووە کە خەریکی گەڕان بوون بەدوای فڕۆکەوانەکەدا، تاوەکو رێگرییان لێ بکەن لە شوێنی ئەفسەرەکە نزیک ببنەوە.
 
یەکێک لە ساتە هەرە دراماتیکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە کاتێک بووە کە دوو فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی کە کۆماندۆکان و ئەفسەرە رزگارکراوەکەیان تێدا بووە، لە بنکەیەکی دوورەدەست لەنێو خاکی ئێراندا تێکچوون. فەرماندە ئەمریکییەکان دەستبەجێ بڕیاریان داوە سێ فڕۆکەی دیکەی فریاگوزاری بنێرن و دوای گواستنەوەی سەربازەکان، هەردوو فڕۆکە پەککەوتووەکەیان تەقاندووەتەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست هێزە ئێرانییەکان.
 
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە نووسیویەتی: "رزگارمان کرد! ئەم جەنگاوەرە ئازایە لە پشتی هێڵەکانی دووژمن و لە چیا مەترسیدارەکانی ئێراندا بوو، لەکاتێکدا دووژمنەکانمان راویان دەنا و کاژێر دوای کاژێر لێی نزیکتر دەبوونەوە."
 
 ترەمپ راشیگەیاند کە سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بێ هیچ زیانێکی گیانی لەنێو ریزی ئەمریکییەکان، سەلمێنەری ئەوەیە کە واشنتن "باڵادەستیی رەها و تەواوی" لە ئاسمانی ئێراندا هەیە.
 
ئێستا ئەفسەرە رزگارکراوەکە گەیشتووەتە کوێت و لەوێ لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.