پۆلیسی بەریتانیا: ناسنامەی هێرشکارەکانی لەندەن دەزانین
رووداو - لەندەن
پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، ناسنامەی هێرشکەرەکانی لەندەن-یان لەبەردەستە، بەڵام جارێ بڵاویناکەنەوە تاوەکو هەموو کەسانە دەستگیردەکەن کە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە.
کرێسیدا دیک، بەرپرسی پۆلیسی میترۆپۆلیتان گوتی "ئێستا لە گەرمەی لێکۆڵینەوەکانین، باشدەزانین هێرشکەرەکان کێن و ژمارەیەک کەسی پەیوەندیداریشیان دەستگیرکردوون".
بەرپرسی پۆلیسی بەریتانیا دەشڵێت، لەساڵی 2013ەوە 18 پیلانی هێرشیان لە وڵاتەکە پوچەڵکردووەتەوە، دەڵێت زۆربەی رۆژەکان کەسێکیان لەسەر هەوڵی چەکداری دەستگیرکردووە و سەرجەم هەوڵەکانیشیان سەرکەوتووبوونە.
هاوکات پۆلیسی لەندەن ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر چەند ماڵێک لە رۆژهەڵاتی لەندەن ئەنجامدا، بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراو.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 5-6-2017 پۆلیسی لەندەن ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراو لە رۆژهەڵاتی لەندەن ئەنجامدا، ئۆپەراسیۆنەکە لە هەردوو گەرەکی نیوهام و دێگنهام بووە.
هێشتا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا دیمەنی کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
هەر بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، ئەو دوو کەسە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان بەو هێرشەی شەوی شەممەی لەندەنەوە هەبێت، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی 48 کەسی دیکە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود