لە هێرشێکی چەکداریدا نزیکەی 100 کەس لە بۆرکینا فاسۆ کوژران


رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشێکی چەکداریدا لە بۆرکینا فاسۆ نزیکەی 100 کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
 
شەوی رابردوو چەند "چەکدارێکی تووندڕەو" لە شارۆچکەی سولهان لە باکووری بۆرکینا فاسۆ لە کیشوەری ئەفریقا، هێرشێکی چەکدارییان ئەنجام دا و دوای هێرشکردنە سەر پێگەیەکی سووپای ئەو وڵاتە، دەستیان کردووە بە تەقەکردن بەنێو خەڵکدا، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 100 کەسی مەدەنی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش لە خەڵک بریندار بوون.
 
بەرپرسانی شارۆچکەی سولهان ئاماژە بەوە دەکەن، گرووپە چەکدارییەکە یەکەم جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی سەربازی  لە نزیک شارەکە و دواتر دەستیان کردووە بە  هێرشکردن بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێی خەڵک لەو شارە. 
 
لە هێرشەکەدا چەکدارەکان ئاگریان لە چەند گەڕەکێکی شارۆچەکەکە بەرداوە و دانیشتووانی گەڕەکەکانیش کە هاتوونەتە دەرەوە بەر دەستڕێژی گولـلە دراون، زۆربەی کوژراوەکانیش ژن و منداڵن. 
 
حکومەتی مالی رایگەیاندووە ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە "گرووپێکی تیرۆریستین"، بەڵام ئاماژەی بە ناوی گرووپەکە نەداوە.
 
لە ساڵی 2015وە هێرشی چەکداری و خۆکوژی لەو وڵاتە دەستیان پێکردووە کە زۆربەیان سەر بە گرووپەکانی ئەلقاعیدە و داعشن و ناوبەناو هێرشی تووندڕەویی ئەنجام دەدەن. 
 
هەر بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون، ئەوەش خوێناویترین هێرشی چەکدارییە لەو وڵاتە لە 2015ـەوە روویدابێت.