ئەڵمانیا دەست بە دیپۆرتکردنی سووریاییە 'تاوانبارەکان' دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەست بە دیپۆرتکردنی ئەو سووریاییانە دەکات کە پێشینە و تۆماری تاوانیان هەیە، ئەمەش دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە نەمسا وەک یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا ئەو هەنگاوەی نا.
رۆژی شەممە 05-07-2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، وەزارەتەکە رێنمایی داوەتە نووسینگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران (BAMF) بۆ ئەوەی رێکار بەرامبەر "سووریاییە مەترسیدار و لادەرەکان" بگرێتەبەر.
گوتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە، تاوانی گەورە واتای ئەوەیە کەسەکە لەو پارێزگارییە بێبەش دەبێت کە مافی مانەوەی پێدەبەخشێت و دەکرێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەر پێگەیەکی لەو شێوەیە کە پێشتر پێی دراوە.
گوتەبێژەکە گوتیشی: "رێککەوتنێک لەلایەن هاوپەیمانیی نێوان فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و سۆسیال دیموکراتەکانەوە کراوە، کە بریتییە لە دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەفغانستان و سووریا، سەرەتاش بە تاوانباران و لادەران دەستپێدەکات."
بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتەکە لە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا لە پەیوەندیدایە.
بەپێی وەڵامێکی وەزارەتەکە بۆ پرسیارێکی پەرلەمان، لە نێوان مانگی یەک و ئایاردا، BAMF زیاتر لە 3,500 رێکاری گرتووەتەبەر کە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنابەریی هاووڵاتییانی سووریا.
لە هەمان ماوەدا، نزیکەی 800 سووریایی وەک بەشێک لە پرۆگرامی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە کە لەلایەن ئەڵمانیاوە پارەدار دەکرێت، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و تاوەکو ئێستا دوو هەزار کەس ناوی خۆیانیان تۆمار کردووە.
نزیکەی یەک ملیۆن سووریایی لە ئەڵمانیا دەژین، کە زۆربەیان لە کاتی کۆچی گەورەی نێوان 2015 و 2016 گەیشتوون.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، چەندین وڵاتی ئەورووپی، لەنێویاندا نەمسا و ئەڵمانیا، رێکارەکانی پەنابەرییان راگرتووە، لە کاتێکدا پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان هەڵمەتی گەورەیان لەسەر ئەم پرسە کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رۆژی پێنجشەممە تاوانبارێکی سووریایی دیپۆرتکردەوە و رایگەیاند، یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەورووپایە بە فەرمی ئەو کارە دەکات.