سکرتێری گشتیی ناتۆ و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی قەرەباخەوە کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێریی گشتیی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە و شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیایان تاوتوێ کرد.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر خاکی ناگۆرنۆ-قەرەباخ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 2020/10/05 دەستی پێکردەوە، هەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.
کاربەدەستانی سەربازی ئەرمینیا رۆژی دووشەممە هەواڵی هێرشی موشەکییان بۆ سەر ستێپاناکێرتی پایتەختی ناگۆرنۆ-قەرەباخ بڵاوکردەوە. ناوچەکە دەکەوێتە ئازەربایجانەوە، بەڵام لەدوای کۆتایی شەڕی جوداخواز لە ساڵی 1994وە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێوخۆییە ئەرمەنییەکان بووە کە لەلایەن ئەرمینیاوە پشتگیری دەکرێن.
جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی سەربازیی 30 وڵات "تەواو نیگەرانە لە هەڵکشانی ناکۆکییەکان" و داوای لە تورکیا کرد کە هاوکار بێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە.
ستۆڵتنبێرگ دوای ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردی، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "پێشبینی دەکەم تورکیا بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کاریگەریی بەرچاوی هەبێت."
مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "پێویستە هەموو کەس و بەتایبەتی ناتۆ، داوا لە ئەرمینیا بکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکگرتوویی هەرێمی و سنووری ئازەربایجان لەو ناوچانە بکشێتەوە."