ماکرۆن بانگهێشتی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ فەرەنسا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ  ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کردووە و پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری لێکردووە. میدیای فەرەنساش دەڵێت باسی هەسەدەیان کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، شەوی رابردوو ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شەرع کردووە و جەختی لەسەر هەوڵەکانی فەرەنسا کردەوە بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا.
 
هەروەها باسیان لە ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە سووریا و پێویستی کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردووە.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاندووە، ئەحمەد شەرع سوپاسی سەرۆکی فەرەنسای کردووە بۆ پەیوەندییەکەی و هەڵوێستەکانی فەرەنسا لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە شەرع باسی لەو ئاستەنگانە کرد، کە "سزا ئابوورییەکان و تەواونەبوونی یەکپارچەیی خاکی سووریا دروستیان کردووە."
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی کردووە، لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی فەرەنسا بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە میدیای فەرەنسا بڵاوی کردووەتەوە، کە ماکرۆن "داوای تێکەڵکردنی تەواوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)ی لە پرۆسەی گواستنەوەی سووریادا کردووە."