خانمە کوردێک دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هۆڵەندا، پارتە براوەکان گەیشتنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. لە کابینە نوێیەکەدا، دیلان یەشیلگۆز، سیاسەتڤانی کورد، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە وەردەگرێت.
دیلان یەشیلگۆز کە سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)یە، یەکێکە لە کاریگەرترین ژنە سیاسەتڤانەکانی هۆڵەندا. ئەو پێشتر پۆستی وەزیری داد و ئاسایشی لە کابینەکەی مارک روتەدا هەبوو، هەروەها وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری و ژینگەش کاری کردووە.
کچە کوردێکی دێرسم لە لووتکەی دەسەڵاتی هۆڵەندا
دیلان کچی دکتۆر یوجەل یەشیلگۆزە، کە توێژەر و مامۆستایەکی ناسراوی زانکۆیە لە بواری تاوانناسی دا و خەڵکی پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستانە. باوکی دیلان ساڵانێکی زۆر لە دیاسپۆرای کوردی لە هۆڵەندا چالاک بووە بۆ ناساندنی دۆزی کوردستان. دایکی دیلان کە تورکە، ئەویش بە یەکێک لە داکۆکیکارە دیارەکانی مافی کورد لە هۆڵەندا دەناسرێت.
دیلان یەشیلگۆز هەمیشە بە شانازییەوە باس لە رەچەڵەکی کوردیی خۆی دەکات. هەرچەندە لە رابردوودا زیاتر وەک سیاسەتڤانێکی نیشتمانیی هۆڵەندی دەردەکەوت، بەڵام لەم دواییانەدا هەڵوێستی روونی لەسەر پرسە کوردستانییەکان هەبووە.
لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، یەشیلگۆز نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "دەبێت تووندوتیژی لە دژی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا رابگیرێت. ئەو کوردە قارەمانانەی لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانییان دا، ئێستا رووبەڕووی دەستدرێژی و سووکایەتی دەبنەوە."
پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە
وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری لەلایەن یەشیلگۆزەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاوکارییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. سوپای هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەماهەنگییەکی بەردەوامی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئێستاش لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەشدارە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
بە وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایە، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمستەردام و هەولێر لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و ئاسایش دا، بچنە قۆناخێکی نوێوە.